
مەڵبەند – شەممە، ١٦ی ئایاری ٢٠٢٦
هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەند، لە دیدارێکی بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕانیە و ژمارەیەک لە سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی، جەختی لە پشتیوانیی بەردەوامی مەڵبەند بۆ سەرخستن و بەرەوپێشبردنی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە سنوورەکەدا کردەوە.
هەڤاڵ حەیدەری ئاسایش، لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، لەم دیدارەدا کە بە ئامادەبوونی هەڤاڵان ئەرسەلان مەحمود لێپرسراوی بەشی ڕاگەیاندن و کەمال محەمەد لێپرسراوی بەشی حکومەت، بەڕێز ئومێد تۆفیق بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕانیە و ژمارەیەک لە سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی ڕانیە بەڕێوەچوو، ڕەوشی پەروەردە، کێشە و کەمکوڕییە ئیدارییەکانی بەردەم پرۆسەی خوێندن لە ڕانیە و دەڤەرەکە گفتوگۆ کران و داواکارییە پەروەردەییەکان خرانە ڕوو.
هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەند، وێڕای گوێگرتنی ورد لە سەرنج و پێشنیارەکان بۆ پێشخستنی کەرتی پەروەردە، دەستبەجێ بەشە پەیوەندیدارەکانی مەڵبەندی ڕاسپارد بۆ بەدواداچوونی خێرا و هەماهەنگیی تەواو لەپێناو چارەسەرکردنی گرفتەکاندا و ڕایگەیاند: مەڵبەند، هەموو جۆرە پشتیوانییەکی مەیدانی و دامەزراوەیی بۆ پێشخستنی پرۆسەی پەروەردە و خوێندن لە دەڤەرەکەدا دەکات، چونکە بڕوای تەواومان بەوە هەیە کە گەشەکردنی کۆمەڵگە لە پەروەردەیەکی دروستەوە سەرچاوە دەگرێت.
سەبارەت بە ڕۆڵ و پێگەی مامۆستایانیش، لێپرسراوی مەڵبەند وتی: مامۆستایان پێشەنگن، فێرکار و پەروەردەکار و ڕێنیشاندەر و جێگەی شانازیی هەموومانن؛ بۆیە داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانیان و ڕەخساندنی ژینگەیەکی شایستە بۆ خزمەتکردنیان، لە کارە لەپێشینەکانمان دەبێت
