مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین: جەژنی قوربان، جەژنی نوێکردنەوەی پەیمانی خزمەت و یەکڕیزیتان پیرۆز بیت.

بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە، گەرمترین و جوانترین چەپکەگوڵی پیرۆزبایی ئاراستەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەگشتی و جەماوەری خۆڕاگری دەڤەری ڕاپەڕین بە تایبەتی دەکەین. هیوادارین ئەم جەژنە پیرۆزە ببێتە مایەی خێر، خۆشی، ئارامی و تەبایی بۆ هەموو لایەک و وێستگەیەک بێت بۆ قووڵکردنەوەی گیانی لێبوردەیی و پێکەوەژیان.

لەگەڵ هەڵهاتنی خۆری ئەم جەژنە پیرۆزەدا، پێمانوایە جەژنی ڕاستەقینە لە ڕێزگرتن و بەرزڕاگرتنی ئەو تێکۆشەرانەدایە کە مێژووی ئەم گەلەیان بە خوێن و خەباتی خۆیان نووسیوەتەوە. بۆیە لێرەوە بەوپەڕی ڕێز و پێزانینەوە، پڕبەدڵ پیرۆزبایی تایبەتی خۆمان ئاراستەی کەسوکار و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دەکەین کە تاجی سەرمانن و قوربانییەکانیان مایەی شانازی و مانەوەی هەموومانە.

هەروەها پیرۆزبایی لە کەمئەندامبووانی سەنگەر و زیندانیانی سیاسی دەکەین کە جەستە و تەمەنی خۆیان بەخشییە ڕێگای ئازادی و ڕزگاریی گەلەکەمان. هاوکات جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی پێشمەرگە دێرینەکان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان، هێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ، دژەتیرۆر و کۆماندۆ و سەرجەم یەکە تایبەتە وڵاتپارێزەکان دەکەین وەک پارێزەرانی سەرسەختی خاک و نیشتمان، لەگەڵ ڕێکخستنە دێرینەکان و تێکۆشەرە دێرینەکان کە لە ڕۆژە سەختەکاندا چرای شۆڕشیان داگیرساند و کۆڵەکەی بەهێزی خەبات بوون.

لەگەڵ ئەوانەشدا، پیرۆزبایی گەرممان هەیە بۆ زانایانی ئاینی و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان کە هەمیشە ڕۆڵی گرنگیان هەبووە لە ئاشتەوایی کۆمەڵگەدا، هەروەها بۆ سەندیکا و ڕێکخراوەکان، ژنان، گەنجان، ڕۆشنبیران، هونەرمەندان و وەرزشەوانان وەک هێزی بزوێنەر و پێشەنگەکانی گۆڕانکاری و سەرجەم دانیشتوانی دەڤەری ڕاپەڕین کە هەمیشە مەڵبەندی قوربانیدان و شۆڕشن، تا دەگاتە هەڤاڵانمان لە ئەنجومەنی مەڵبەند و کۆمیتەکان و فەرمانبەران کە دڵسۆزانە و بێوچان لە خزمەتی جێبەجێکردنی ئەرکە ڕێکخراوەیی و نیشتمانییەکاندان.

لەم جەژنە پیرۆزەدا، هەرێمی کوردستان و عیراق و ناوچەکە بەگشتی بە قۆناغێکی هەستیار و پڕ لە ئاڵەنگاریدا تێدەپەڕن. چارەسەرکردنی بنەڕەتیی قەیرانەکان و ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور، دەستەبەرکردنی شایستە داراییەکان و ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتیان، لەپاڵ پاراستنی قەوارەی هەرێم لە بەردەم پێشهاتە خێراکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەرکێکی نیشتمانیی چارەنووسسازە. تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، زیاتر لە جاران پێویستی بە یەکڕیزیی نیشتمانی، لێکتێگەیشتنی هاوبەش و زاڵکردنی بەرژەوەندییە باڵاکان هەیە بەسەر ململانێ تەسکەکاندا، تا پێکەوە کەناری ئارامی و سەقامگیری بۆ نەتەوەکەمان دەستەبەر بکەین.

هەڤاڵان.. جەماوەری خۆشەویست؛ پەیامی یەکێتی وەک هەمیشە پەیامی ئاشتی، یەکڕیزی، پێکەوەژیان و خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکە، بە ڕۆحیەتی سەرۆک مام جەلال، لەم بۆنە پیرۆزەدا دووپاتی دەکەینەوە کە مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین وەک هەمیشە لە سەنگەری بەرگری مافە ڕەواکانی کۆمەڵانی خەڵکی دەڤەرەکەدا دەمێنێتەوە بۆ خزمەتکردنی زیاتری دەڤەرەکەمان و خەڵکە تێکۆشەرەکەی. با ئەم جەژنە بکەینە دەرفەتێک بۆ پتەوکردنی ڕیزەکانمان و پێکەوە کارکردن لەپێناو کوردستانێکی ئاوەدانتر و ئایندەیەکی گەشتر بۆ نەوەکانمان.

جەژنتان پیرۆز بێت و هەمیشە لە خێر و شادیدا بن.

مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین