
بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە کۆمەڵانی خەڵکی ڕاپەڕین و کوردستان دەکەم. هیوادارم ئەم بۆنەیە ببێتە مایەی خێر، ئارامی زیاتر و قووڵکردنەوەی تەبایی لە نێوان هەموواندا و کاتێکی پڕ لە شادی بۆ خێزانەکانتان بەدی بهێنێت.
بەوپەڕی ڕێزەوە پیرۆزبایی تایبەت لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم و سڵاوی ئەمەکداری بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، پێشمەرگە دێرینەکان، کەمئەندامبووانی سەنگەر و زیندانیانی سیاسی دەنێرم کە تەمەنیان لە پێناو ئازادیدا بەخت کرد. هاوکات پیرۆزبایی لە ڕێکخستن و تێکۆشەرە دێرینەکان، زانایانی ئاینی، کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان، ناوەندە پیشەیی و ڕێکخراوەییەکان، ژنان، گەنجان، ڕۆشنبیران و هونەرمەندان و تەواوی فەرمانبەرانی ماندوونەناس و هەڤاڵانم لە مەڵبەند و کۆمیتەکان دەکەم کە خزمەتەکانیان جێگای بایەخ و پێزانینی بەردەوامە.
ئەرکی هەموانە بە دیدێکی بەرپرسیارانە و گشتگیرەوە بڕواننە بارودۆخەکە. پاراستنی دەستکەوتە دەستوورییەکانی هەرێمەکەمان، دابینکردنی سەقامگیری و چاککردنی ڕیشەیی بژێوی خەڵک لە ڕێگەی ڕێککەوتنی گشتگیر لەگەڵ بەغدا بۆ دەستەبەرکردنی مووچە و شایستە داراییەکان، ئەولەویەتی سەرەکییە. تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە پێویستی بە یەکڕیزیی نیشتمانیی کرداری هەیە کە بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتیان بخاتە سەروو هەموو ململانێ و جیاوازییەکانەوە.
ئێمە لەسەر ڕێبازی سەرۆک مام جەلال، بە سەرۆکایەتی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی وەک هەمیشە پەیڕەو لە سیاسەتی ئاشتی، یەکڕیزی و خزمەتی ڕاستەقینەی هاووڵاتیان دەکەین. دووپاتی دەکەینەوە کە پاڵپشت و داکۆکیکاری داواکارییە ڕەواکانی خەڵکی ناوچەکەمان دەبین، با ئەم جەژنە بکەینە دەرفەتێک بۆ پتەوکردنی ڕیزەکانمان لە پێناو پاشەڕۆژێکی ئاوەدانتردا.
جەژنتان پیرۆز بێت و هەمیشە شاد و سەرکەوتوو بن.
حەیدەری ئاسایش
لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین
