
لە جەژنی قورباندا؛ مەڵبەندی ٢٤ـی ڕاپەڕین زیاتر لە (٥٠٠٠) خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی بەسەرکردەوە
ڕانیە – وێبسایتی Raparin24.com
وەک نیشاندانی وەفاداریی نەگۆڕی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ڕێبازی پیرۆزی شەهیدان و ڕێزگرتن لە خەبات و قوربانیدانی خانەوادە سەربەرزەکانیان، لە ڕۆژانی جەژنی پیرۆزی قورباندا کەمپەینێکی فراوانی جەژنەپیرۆزە و بەسەرکردنەوە لە سنووری مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین بەڕێوەچوو.
لەم بارەیەوە، ئەرسەلان مەحمود، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لەسەر بڕیار و ڕاسپاردەی هەڤاڵ (حەیدەری ئاسایش)، لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، بە مەبەستی بەرز و زیندوو ڕاگرتنی یادی شەهیدە نەمرەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و گەلەکەمان، لە ماوەی چوار ڕۆژی جەژنی پیرۆزی قورباندا هەڵمەتێکی گەورەی بەسەرکردنەوەی خێزان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانمان ئەنجامدا.
لێپرسراوی ڕاگەیاندنی مەڵبەند وردەکاریی زیاتری خستەڕوو و وتی: بە شانازییەوە لەم هەڵمەتەدا، زیاتر لە (١٢١٠) هەڤاڵی دڵسۆز لە ئەندامانی ئەنجومەنی مەڵبەند، ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمیتەکانی سنووری مەڵبەند و تەواوی تیمی بنکە، ناوەند و وێستگە جیاوازەکان لە سێکتەرە جیاجیاکان بەشدارییان لە سەردان و بەسەرکردنەوەکاندا کرد و لە ڕێگەیانەوە توانراوە زیاتر لە (٥٠٠٠) خێزان و خانەوادەی تێکۆشەری شەهیدان لە نزیکەوە بەسەربکرێنەوە.
ئەرسەلان مەحمود ئاماژەی بەوەشدا کە ئامانج لەم بەسەرکردنەوەیە تەنها گەیاندنی پەیامی جەژنەپیرۆزە نەبووە، بەڵکوو گەیاندنی (ڕێزنامەی مەڵبەند) و هەواڵپرسینیان بووە لە نزیکەوە، چونکە یەکێتی حزبی شەهیدانە و رێزگرتن و خزمەتکردنی کەسوکاریان بە ئەرکێکی سەرەکی و ئەخلاقیی خۆی دەزانێت.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی مەڵبەندی ڕاپەڕین جەختی کردەوە: ئێمە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، قەرزاریباری خۆڕاگریی کەسوکاری شەهیدانین و هەمیشە لە خزمەتی ئەو خێزان و خانەوادە سەربەرزانەدا دەبین کە ڕۆڵەکانیان لەپێناو پاراستنی خاک و نەتەوەکەماندا بەخشی.
