یەکێتی لە بەردەم باهۆزی پەنجا و یەک ساڵەدا

ئەرسەلان مەحمود


یەکی حوزەیران، جگە لە ڕۆژی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ساتەوەختی سەرهەڵدان و ڕاگەیاندنی شۆڕشێکی مەعریفی بوونناسی بوو لە بیرکردنەوەی تاکی کورددا. وەرچەرخانێک بۆ تێپەڕاندنی نائومێدی و ھێنانە ئارای ئیرادەی مانەوە. وەرچەرخانێک لە بۆشاییەکی هزریی قوڵدا ڕوویدا، هەرەس کۆمەڵگەی کوردی خستە دۆخێکی شڵەژاوی کۆمەڵایەتی، هزری و سیاسییەوە. سەرکردایەتیی پێشوو ئامادە نەبوو وڵامی ئەو پرسیارە بنەڕەتییانە بداتەوە نسکۆ خستبوونییە سەر مێزی مێژوو، سەرۆک مام جەلال و دامەزرێنەرانی یەکێتی، پڕۆژەیەکی نوێیی هزرییان داهێنا بۆ بوونیادنانەوەی بیری سیاسی-فەلسەفیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد.

لەدایکبوونی یەکێتی پەرچەکردار نەبوو، بەڵکوو زەرورەتێکی دیالەکتیکیی مێژوو بوو. وڵامێکی فکری و فەلسەفیی پتەو بوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو بۆشاییەی بەھۆی ھەرەسەوە ھاتبۆوە ئاراوە، تا لە ڕێگەیەوە بزاوتی ڕزگاریخوازی نیشتمانی لە فۆرمێکی نوێی مەعریفیدا دابڕێژێتەوە. ئەم پڕۆژەیە، لە ساتی دامەزراندنییەوە، شیکردنەوەیەکی نوێی پێشکەش کرد بۆ پەیوەندیی نێوان خەباتی نەتەوە و خەباتی چینایەتی، نێوان خەباتی نیشتمانی و خەباتی کۆمەڵایەتی، نێوان خەباتی چەکداری و دیپلۆماسی، نێوان شۆڕش و خەباتی دامەزراوەخوازی.

دامەزرانی یەکێتی، پراکتیزەکردنی یاسای ڕەتکردنەوەی ڕەتکردنەوە بوو. نسکۆ ھەوڵێک بوو بۆ ڕەتکردنەوەی بوونی کورد، بەڵام یەکێتی بوو بەو ھێزەی ھەرەسی ڕەتکردەوە و لەناو پاشماوەکانی ئەو داڕمانەدا، ھۆشیارییەکی نوێی دروستکرد. ئەم ڕەتکردنەوەیە، تەنها ھەڵوێستێکی سیاسی نەبوو، گواستنەوەی تاکی کورد بوو لە دۆخی دەڵەمەیی ئیرادەییەوە بۆ قۆناغی ئاگامەندی و باوەڕبەخۆبوون.

یەکێتی ھەمووانی فێرکرد، خەبات تەنها لە لوولەی تفەنگدا چڕ نابێتەوە، بەڵکوو بەر لە ھەر شتێک، ئیرادەیەکی فکری و فەلسەفییە بۆ مانەوە و ژیان. مێژووی یەکێتی خۆی ئەم تێگەیشتنە دەسەلمێنێت. کاتێک سەرۆک مام جەلال لە هەشتاکاندا دەرگەی دیپلۆماسی لەگەڵ هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا کردەوە، تەنها بەرفراوانکردنی مەیدانی خەبات نەبوو، بەڵکوو ڕاگەیاندنی ئەو پرنسیپە بوو، پرسی کورد پرسێکی هزری-سیاسییە و لە ماوەی دیالۆگ و کارلێکی مەعریفیدا دەبڕێنرێتەوە، نەک تەنها لە مەیدانی شەڕدا. هاوکات، دامەزراندنی ئەکادیمیا و ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە دەوروبەری یەکێتیدا، بەرهەمی هەمان فەلسەفە بوو، ئەو تۆوەی لەناو ڕۆحی تاکی کورددا چاند و چرۆی پێکرد و باڵای کرد و شۆڕشی میللەتەکەیشی یەکپشوو سەرخست، ڕاپەڕینی بەرپاکرد، هەر ئەم باوەڕە بوو، ئەگەر چیاکانیش داگیربکرێن، ئێمە لەناو بیرکردنەوە و ئیرادەی خۆماندا، چیایەکی بێبەزەندتر بوونیاد دەنێینەوە. ئەمەش مانای گواستنەوەی سەنگەری بەرگری بوو لە جوگرافیایەکی فیزیکییەوە بۆ قەڵایەکی ھزریی داگیرنەکراو.

لە ماوەی پەنجا و یەک ساڵی ڕابردوودا، یەکێتی تەنها حزب و شۆڕش و بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی و نیشتمانی نەبووە، بەڵکوو ھەڵگری تێزێکی کۆمەڵایەتیی قووڵ بووە. دیدی سەرۆک مام جەلال و دامەزرێنەران، دیدێکی فرەڕەھەند بوو. لە یەککاتدا خەباتی نەتەوەیی، نیشتمانی و چینایەتی ئاوێتە دەکرد، ھەردوو خەمی نان و ئازادی لە چوارچێوەی خەباتێکدا کۆکردەوە. ئەم ھاوکێشەیە، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە، ئازادیی نەتەوە بە بێ دەستەبەرکردنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، پڕۆژەیەکی ناتەواوە. نەتەوەیەک تاکەکانی لە هەژاری و بێکارییدا ئازار بچێژن، ئازادیی سیاسی بۆ ئەوان تەنها چوارچێوەیەکی ڕووکەشیی بێ ناوەڕۆکی ڕاستەقینە.

ئەمڕۆ لە سەدەی بیست و یەکدا، سۆسیال دیموکرات بۆ یەکێتی دەبێت وەک میتۆدێکی واقیعی کاری پێبکرێت، نەک تەنها دروشمێک. ئەم میتۆدە لە چەند ئاستێکی کۆنکرێتدا خۆی دەردەخات. لە ئاستی خزمەتگوزارییدا، دەستەبەرکردنی پەروەردە و تەندروستیی بێبەرامبەر و بەکوالێتی بۆ هەموو تاکێکی کۆمەڵگە، بەبێ جیاوازی لە چینی کۆمەڵایەتی یان ناوچە و جوگرافیای نیشتەجێبوون. لە ئاستی ئابوورییدا، ڕێکخستنی بازاڕ لە ڕێگەی دامەزراوەییەوە، واتا دروستکردنی ئەو دامەزراوە یاسایی و دارایییانەی بازاڕ لە دڕندایەتی نیزامی سەرمایەداری و قۆرغکاری پۆپۆلیستانە دەپارێزن و لە جێگەیدا دەستەبەری دادپەروەریی و زەمینەسازی بۆ ژیانێکی شایستەتر بە هەبوونی میللەتەکەمان دەکەن. لە ئاستی پاراستنی چینی کرێکار و مامناوەنددا، دامەزراندنی سیستەمێکی باجی پلەبەندیکراو و تۆڕێکی پاراستنی کۆمەڵایەتی بەهێز لە کاتی قەیراندا کۆمەڵگە لە هەرەسهێنان دەپارێزێ. ئەم سێ ئاستە، پێکەوە، ئەو پەیکەرە هاوسەنگییە دروستدەکەن سۆسیال دیموکرات بەرامبەر بە نەزمی سەرمایەداری و چاوچنۆکییە ئابوورییەکان دەستەبەری دەکات.
ھاوکات پرەنسیپی چەپکە گوڵەکە بۆ فرەیی و قبووڵکردنی جیاوازییەکان، تەنها نەریتێکی سیاسی نییە، بەڵکوو پێویستییەکی حەتمی و فەلسەفییە بۆ گەشەسەندنی کۆمەڵگە. ڕاستییەکان ڕەھا نین، بەڵکوو لەناو دیالۆگ و ململانێی بیروڕا جیاوازەکاندا دەفراژێن و نوێ دەبنەوە. ئەو حزبە یان ئەو کۆمەڵگەیەی تاکدەنگی بکاتە ڕێبازی خۆی، نەک تەنها لە بنەماکانی دیموکراسی لادەدات، بەڵکوو وزەی هزریی خۆیشی دەخنکێنێت.

یەکێتیبوون، پێویستی بە بوێرییەکی واقیعییانە ھەیە. مەزنیی یەکێتی لەوەدا نییە ھەرگیز ھەڵەی نەکردوە و ناکات، بەڵکوو لەوەدایە توانای ڕەخنە لە خۆگرتن و خۆنوێکردنەوەی ھەیە. ئەمڕۆ کاتێک یەکێتی پێدەنێتە پەنجا و یەک ساڵەی تەمەنییەوە، کۆمەڵگەی کوردی کەوتووەتە بەردەم گۆڕانکاریی خێرای تەکنەلۆژی، گۆڕانی نەوەکان و ململانێی ئاڵۆزی جیۆپۆلەتیکی. یەکێتی بۆ مانەوەی لە ئاستە مەزنە مێژووییەکەی خۆیدا، پێویستە نۆستالژیا تێپەڕێنێت و لەگەڵ ڕیتمی خێرای سەردەمەکەدا خۆی بگونجێنێت، تا وڵامدەرەوەی پرسیارە قورسەکانی ئێستا بێت.

مێژووی زێڕینی یەکێتی و شەھیدەکانمان سەرمایەی مەعنەویی ئێمەن، بەڵام گەنجی ئەمڕۆ داوای پڕۆژەی ئایندە و ئاسایشی ئابووری و سەروەریی یاسا دەکات. ھەربۆیە خۆنوێکردنەوەی بەردەوام هەرچەند پرۆسێسێکی ئازاربەخش بێت لە پەیکەربەنیدی کردنەوەی ڕێکخراوەییدا، دواجار پرۆسەیەکە توانای تازە دەکاتە جێگرەوەی خەبات و خزمەت. ئەم پرەنسیپە نەک هەر بەهای مانەوە و گەشەکردنە، بوونیادنانەوەی متمانە و دامەزراوەی نیشتمانیی بەھێز و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و عەقڵییەتی دۆگماتیزم و هەمەجییەتە لەسەر بنەمای شەفافیەت و وڵامدانەوەی قەیرانەکان بە ئامرازی نوێ.

دەبێ بزانین، یەکی حوزەیران مۆزەخانەیەک نییە تەنها بۆ بینینی ڕابردوو بکرێتە وێستگە. یەکی حوزەیران پڕۆژەیەکی بەردەوامە و ھەموو ساڵێک بانگەوازێکی زیندووە بۆ ڕۆحی ئازادیخوازان تا باشتر تێبگەن، ئەرکی ڕزگاریی نیشتمانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی کۆتایی نەھاتووە. ئەم کاروانە، بزووتنەوەیەکی داینامیکییە و دەبێت ھەردەم لە قۆناغی بونیادنان و گەشەسەندندا بێت.

پەنجا و یەک ساڵ بەرگەگرتنی باھۆزەکان سەلماندی، ڕەگی ئەم دار بەڕووە ھەمیشە سەوزە لە قووڵایی خاکی واقیعدایە. بەڵام ئەم دارە، تەنها بە درێژایی ڕەگەکانییەوە سەوز نامێنێتەوە، بەڵکوو بە کارلێکی بەردەوامی نێوان ڕەگ و لقەکانی، نێوان مێژوو و داهاتوو، نێوان میراتی دامەزرێنەران و هزری نەوەکانی. یەکێتی، لە کۆتاییدا، یاسای ڕەتکردنەوەی ڕەتکردنەوەیە لە کرداردا، هەر هەرەسێک هۆکاری سەرهەڵدانێکی نوێی تێدا چەکەرە دەکات، هەر کۆتاییەک دەستپێکێکی نوێی هزری لە دڵی خۆیدا دەشارێتەوە. یادی پەنجا و یەک ساڵەی ھەڵسانەوەی ئیرادە، لە ھەموو ئازادیخوازێک پیرۆز بێت.