لە کەرنەڤاڵێکی جەماوەریی شکۆداردا، مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین یادی ٥١ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی بەرز ڕاگرت

لە کەشێکی پڕ لە جۆش و خڕۆشی نیشتمانی و جەماوەری یەکێتییانەدا، ڕۆژی دووشەممە (١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، بە سەرپەرشتی هەڤاڵ حەیدەری ئاسایش، لێپرسراوی مەڵبەند و بە ئامادەبوونی هەڤاڵان ئەندامانی ئەنجومەنی مەڵبەند، مەڕاسیم و کەرنەڤاڵی شکۆداری یادی ٥١ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەڵبەند بەڕێوەچوو.
لە مەڕاسیمەکەدا، مەڵبەند بە گەرموگوڕیی پێشوازیی شایستەی لە ئاپۆرای جەماوەریی کۆمەڵانی خەڵکی دەڤەرەکە کرد. کە لە نێو بەشداربوواندا هەریەک لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکانی یەکێتی لە هەولێر و بەغداد، تیمی یەکێتی لە حکومەتی خۆجێیی دەڤەری ڕاپەڕین، میوانانی بەڕێز و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان ئامادەبوون.
هەروەها بەشدارییەکی بەرچاو و پڕشکۆی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، زیندانیانی سیاسی، کەمئەندامانی سەنگەر، ڕێکخستنە دێرینەکان، تێکۆشەران شانبەشانی فەرمانبەران، دۆستان، ئەندامان، لایەنگران، هەڤاڵانی کادر و سەرجەم چین و توێژەکانی دەڤەری ڕاپەڕین بەدی دەکران؛ کە هەمووان بە یەک ڕۆح و بە مەبەستی گەیاندنی پەیامی پیرۆزبایی و دووپاتکردنەوەی پشتگیریی نەگۆڕیان بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەردانی مەڵبەندیان کردبوو.
بەم بۆنەیەوە، هەڤاڵ حەیدەری ئاسایش لە وتەیەکدا وێڕای بەخێرهێنان و سوپاسگوزاری بۆ ئەو پەرۆشی و ئامادەبوونە فراوانەی جەماوەر، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم ئاپۆرایە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە یەکێتی لە ناخ و دڵی کۆمەڵانی خەڵکدایە و ڕاپەڕین هەمیشە قەڵای سەوزی نەبەزیووی یەکێتییە. هەروەها پەیمانی وەفاداری بۆ ڕێبازی پیرۆزی سەرۆک مام جەلال و شەهیدان نوێ کرایەوە و تیشک خرایە سەر ئەوەی کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە دیدگای نوێ و بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، لەسەر هەمان ڕێچکەی خەبات و خزمەتکردن بەردەوام دەبێت و وەک هەمیشە لە سەنگەری پێشەوەی داکۆکیکردن دەبێت لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بە دەڤەری ڕاپەڕین.