بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ڕایگەیاند، ئامادەین بە ژمارە ڕەفتار بکەین، 39 بە 39ـین و داوای نیوەی حکومەت دەکەین

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ڕایگەیاند، ئامادەین بە ژمارە ڕەفتار بکەین، 39 بە 39ـین و داوای نیوەی حکومەت دەکەین

سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد، مێژووى یەکێتى زێڕینە و دەبێت ئایندەیان جوانتر بێت، چونکە ئەمڕۆ هەموو لایەنەکان گوێ لە یەکێتى دەگرن.

دەقی وتەکانی، بافڵ جەلال تاڵەبان، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:

هەڤاڵانی عەزیز و خۆشەویست، میوانانی بەڕێز، زۆر زۆر بەخێربێن.

زۆر وێنەمان پیشاندا کە باسی لە مێژووی یەکێتی دەکرد، مێژووی ئێمە زێڕینە، مێژوویەکمان هەیە خەڵک بەغیلی پێی دێت، مێژوویەکمان هەیە هیچ لایەنێک نییەتی. چەندین لایەنی کوردی هەن کە خەباتیان کردووە بۆ گەل و خاکەکەمان، بەڵام هیچ لایەک وەک یەکێتی قوربانیی نەداوە. هێندەی ئێوە قوربانییان نەداوە کە ماندوو بوون و من ئەمڕۆ بە شانازییەوە لە تەنیشتیدا دەوەستم.

مێژووی زێڕینی یەکێتی

مێژوویەکی زێڕینمان هەیە، بەڵام پێویستە ئایندەمان جوانتر بێت، ئەمەیە ئامانجی ئێمە وەکو سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان؛ ئەمڕۆ هەموو لایەنەکان گوێ لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەگرن. ئەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە کێشەی ئەوانی دیکەش چارەسەر دەکات. وڵاتانی دەورووبەر متمانەیان بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەیە.

گوێ لە دەنگی یەکێتی دەگیرێت

ئەمریکا، ئەورووپا، چین، ڕووسیا، دراوسێکانمان وەکو ئێران، وڵاتە عەرەبییەکان، گوێیان لە دەنگی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و یەکێتی کێشەکانیان چارەسەر دەکات.

نامەوێت زۆر بڵێم و بەنیازم لەم ڕۆژانەدا پەیامێک بڵاوبکەمەوە و بەرنامەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ چوار ساڵی داهاتوو و ئەو کابینەیەی کە دەڵێن بەڕێوەیە بخەمەڕوو.

هەوڵەکانی یەکێتی بۆ ئارامکردنەوەی بەغداد

هەڤاڵان؛ ئێمە توانیومانە بەغداد ئارام بکەینەوە، توانیومانە بەو هاوپەیمانێتییە جوانەی لەگەڵ نەوەی نوێ هەمانە، سلێمانی ئارام بکەینەوە، بەڵام ئەمە بەس نییە و پاش ئەمە پڕۆژەیەکمان هەیە لەپێناو دەست بۆ درێژکردن بۆ جۆرێک لە لێکتێگەیشتن لەگەڵ هەموو حیزبەکانی کوردستان. ئێمە پێویستە سەنگەرێکی نەتەوەیی دروست بکەین، بۆ ئەوەی حیزبەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان کۆببنەوە و سیاسەتمان لە یەکتر نزیک بکەینەوە، ئەو کاتە کوردستان دەبێتە ئەو خەوەی کە ئێمە پێوەی دەیبینین. 50 ملیۆن کورد هەیە، کەچی ئەمە حاڵمانە کە هەیە.

پرسیارێک لە خۆتان بکەن؛ ئەو سەرکردانەی لەم شاشەی پشت منەوە بینیتان، قایل دەبوون بەو دۆخەی ئەمڕۆ هەیە؟ قایل دەبوون بەم دۆخەی کوردستان؟ قایل دەبوون بەم دۆخەی کورد لە سووریا، لە ئێران و ئەورووپا؟ نەخێر.

پێویستە ئێمە هەموو لایەنەکان کۆبکەینەوە

ئێمە پێویستە هەموو لایەنەکان کۆبکەینەوە کە بووین بە نوێنەری 50 ملیۆن کورد، هێز نییە لە جیهان بە ئێمە بڵێت نا. کە بە یەک بانگەواز 50 ملیۆن کەست هێنایە سەر شەقام لە ئەورووپا، وڵاتە گەورەکان ناتوان بەگوێرەی پێویست ئاگایان لە کورد و کوردستان نەبێت.

شانازی پێوەکردنمان

لێرەوە بەڵێنێکتان پێدەدەم؛ ڕاستە ئێمە کوڕ و کچی مام جەلالین، هی کاک کۆسرەتین، هی جەبار فەرمانین، هی عەلی عەسکەرین، هی شەهید ئارامین. بۆیە ئێمە پێویستە کارێک بکەین کە منداڵەکانمان، شانازیمان پێوە بکەن و دڵ خۆشبن بەوەی کچ و کوڕی ئێمە بوون.

واژۆکردنی هاوپەیمانێتییەکی ستراتیجی لەگەڵ نەوەی نوێ

ئەوەی پێشتر ڕوویداوە، بەراورد بەوەی کە دەیبینن هیچ نییە. چەندێک بۆ پێشەوە ڕۆیشتوون، هیچ نییە بەراورد بەوەی بۆ پێشەوە دەڕۆین. یەکەمین هەنگاویش ئەوەیە پشت بە خودای گەورە، لەم ڕۆژانەدا لەگەڵ هەڤاڵەکانی نەوەی نوێ هاوپەیمانێتییەکی ستراتیجیی واژۆ دەکەین، دەست بۆ لایەنەکانی دیکەش درێژ دەکەین، بۆ ئەوەی بەڕاستی ژیانی هاونیشتمانی کورد لە کوردستان بگۆڕین و دۆخی خوشک و براکانیشمان لە عێراق باش بکەین، چونکە ئێمە ڕۆح و گیرفانیشمان بەیەکەوە بەستراوە.

ئێمە سەرکەوتوو دەبین

بەڵینتان پێدەدەم، ئێمە سەرکەوتوو دەبین، ئێمە بۆ پێشەوە دەڕۆین. حکومەتیش دروستدەبێت و ئێمەش کە بە قسەی لایەنەکانی دیکەمان کرد، ئامادەین بە ژمارە ڕەفتار بکەین، 39 بە 39ـین و داوای نیوەی حکومەت دەکەین.

من زۆر سوپاستان دەکەم و زۆر زۆر بەخێرهاتن. هەر بژین، هەر بۆ پێشەوە، بەیەکەوە کورد و کوردستان بۆ پێشەوە، زۆر سوپاس و خوداتان لەگەڵ.