
ئێوارەی دووشەممە، ١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، بە بۆنەی ٥١ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان،هەڤاڵ حەیدەری ئاسایش، لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، بەشداری کۆڕیادێکی فراوانی لەسەر ئاستی دەڤەرەکە کرد کە لەلایەن بەشی گەنجانی مەڵبەندەوە ڕێکخرابوو.
هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەند لە وتەیەکدا وێڕای هەڵوەستەکردن لەسەر پێگە و ڕۆڵی گەنجان لە نێو ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، تیشکی خستە سەر پرسە هەنووکەییەکانی لاوان و گرنگیی ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ بەشداریکردنیان لە کایە جیاوازەکاندا، هاوکات ئاماژەی بە مێژووی پڕ لە سەروەریی یەکێتی و قوربانیدانی لاوان لە شۆڕشی نوێدا کرد.
هەروەها وتیشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە ماڵە گەورەکەی گەنجان بووە و سەرۆک مام جەلال بەردەوام بڕوای تەواوی بە هێز و بازووی لاوان هەبوو بۆ نوێبوونەوەی کۆمەڵگە. هەروەک چۆن جەختشی لە ڕۆڵی گەنجان لە سیاسەتی ئێستا و ئایندەی یەکێتییدا کردەوە و ڕایگەیاند؛ سەرکردایەتیی نوێی یەکێتی بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، بەردەوام کار بۆ فەراهەمکردنی زەمینەی گونجاو دەکات بۆ دەرخستنی تواناکانی لاوان و بەشداریکردنی کارایان لە پرۆسەی بڕیاردانی سیاسی و ئیداریدا.
لە وێستگەیەکی تری وتەکەیدا ڕوونیکردەوە، قۆناغی ئێستا پێویستی بە هۆشیاریی نەتەوەیی و نیشتمانی و ڕێکخراوەیی ڕێکخراو هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییەکان و دۆزینەوەی وەڵام بۆ پرسیارەکانی سەردەم. داواشی لە گەنجانی یەکێتی و دەڤەرەکە کرد بەردەوام بن لە خۆپێگەیاندن و خوێندنەوە و بە هزری نیشتمانییەوە بێنە مەیدانی کارکردنەوە، بۆ ئەوەی ببنە داینەمۆی گۆڕانکاریی ئەرێنی و خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
لای خۆشییەوە هەڤاڵ هۆشمەند عەلی لێپرسراوی بەشی گەنجانی مەڵبەند لە وتەیەکدا وێڕای سوپاس و پێزانین بۆ ئامادەبووان و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر بەڕێز د. ئاراس عەبدولڕەحمان لە پای پشتگیرییە بەردەوامەکانی بۆ گەنجانی یەکێتی و لەئەستۆگرتنی ئەرکی ئێوارەخوانی کۆڕیادەکە، ئامانجی چالاکییەکەی ڕوونکردەوە و جەختیشی لەوە کردوە کە یەکێتی لە کارنامەی نوێی خۆیدا ڕۆڵێکی گرنگ و زیاتر بە گەنجان دەدات.
هەر لە کۆڕیادەکەدا بەڕێز د.ئاڕاس عەبدولرەحمان، باسێکی سەبارەت بە ڕۆڵی گەنجان لە قۆناغە جیاکانی خەباتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پێشکەشکرد و ڕوونیکردەوە کە بوونیادی یەکێتیی بوونیادێکی گەنجانەیە، هەر بۆیەش بەردەام بە گەنجی ماوەتەوە و پرۆسەی نوێبوونەوە بنەماو پرەنسیپییەتی. سەبارەت بە قۆناغی ئێستاش ئاماژەی بەوە کرد کە دەرفەتێکی گرنگ بۆ گەنجانی یەکێتی لە خەباتی ئۆرگانیکیدا هاتووەتە پێشەوە و پێویستە خۆیانی بۆ ئامادە بکەن







