
مەڵبەند – ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
هەڤاڵ حەیدەری ئاسایش، لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، لە بارەگای مەڵبەند پێشوازییەکی گەرمی لە ژمارەیەکی فراوانی ئەفسەر، پۆلیس و کارمەندانی پاسەوانی سنوور کرد کە نیشتەجێی دەڤەری ڕاپەڕینن.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە هەڤاڵ نادر مەلاسەفی، لێپرسراوی بەشی پەیوەندییەکانی مەڵبەند ئامادەی بوو، هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەند دوای ئەوەی بەوردی گوێی لە گرفت و داواکارییەکانیان گرت، کە زیاتر خۆیان لە گرتنەبەری ڕێکاری کارگێڕیدا دەبینییەوە، لە وتەیەکدا، وێڕای بەرز نرخاندنی ڕۆڵی هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە پاراستنی خاک و سەقامگیریی ئاسایشی سنورەکان، ڕایگەیاند: ئێوە چاوی بێداری ئەم نیشتمانەن و پاراستنی شکۆ و مافەکانی ئێوە، لە ئەولەویەتی کارەکانی ئێمەدایە.
سەبارەت بە داواکارییەکانیشیان، هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەند جەختی لەوە کردەوە کە بەدواداچوون بۆ کێشەکانیان دەکات و هەموو هەوڵێک دەخەنەگەڕ بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو لە چوارچێوەی ڕێنماییە کارگێڕییەکاندا. وتیشی: مەڵبەند دەرگای کراوە دەبێت بۆ خزمەتکردنی پێشمەرگە و کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکان و داکۆکیکردن لە مافەکانیان، چونکە ئەوان قەڵای پتەوی بەرگریین.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، ئامادەبووان سوپاسی هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەندیان کرد بۆ ئەو بایەخدان و خەمخۆرییەی کە بەرامبەر بە کێشەکانیان نواندی و ئامادەیی خۆشیان بۆ هەر ئەرکێکی نیشتمانی لەپێناو پاراستنی ئارامیی هەرێمەکەمان دەربڕی
