مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین گۆڕانکاریی لە چەند بەشێکی ئۆرگانیکیدا دەکات

مەڵبەند – شەممە، ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە ڕێکخراوەیی و ئۆرگانیکییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لە ڕێوڕەسمێکدا، هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەند، بە ئامادەبوونی هەڤاڵانی جێگر و ژمارەیەک لە هەڤاڵانی مەڵبەند، وێڕای بەرز نرخاندنی خەبات و تێکۆشانی ژمارەیەک لە لێپرسراوانی پێشووی بەشەکانی مەڵبەند، بڕیاری دەستبەکاربوون و ئەرکدارکردنی، ڕادەستی بەشێک لە لێپرسراوانی نوێی بەشەکانی مەڵبەند کرد.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، هەڤاڵ حەیدەری ئاسایش، لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، وێڕای ستایشی خەبات و ماندووبوونیان، ڕێزنامەی مەڵبەندی پێشکەشی هەڤاڵان: حەسەن عەبدوڵڵا مەحمود (حەسەنی ئاڵڵاڕەش) لێپرسراوی پێشووی بەشی کۆمەڵایەتی. سەنگەر وریا محمد (سەنگەر وریا) لێپرسراوی پێشووی بەشی ئیدارە و دارایی. زانا مەمەند محمد لێپرسراوی پێشووی بەشی یاسا کرد.
لە وێستگەیەکی تری ڕێوڕەسمەکەدا هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەند، بڕیاری دەستبەکاربوونی ڕادەستی بەشێک لە لێپرسراوانی نوێی بەشەکان کرد کە پێکهاتوون لە هەڤاڵان: نادر مەحمود حمد (نادر مەلاسەفی) لێپرسراوی نوێی بەشی پەیوەندییەکان. جەبار ئیبڕاهیم ئەمین (شێخ جەبار) لێپرسراوی نوێی بەشی تێکۆشەران. شوان محمد ئیبڕاهیم (شوان حاجی محمد) لێپرسراوی نوێی بەشی کۆمەڵایەتی. کەمال محمد ئەحمەد (مامۆستا کەمال)، لێپرسراوی نوێی بەشی حکومەت و ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکان. هێمن عومەر ئەمین، لێپرسراوی نوێی بەشی ئیدارە و دارایی مەڵبەند. سۆران ئیسماعیل حەمەد (مەلاسۆران) لێپرسراوی بەشی زانایانی ئاینی. هەمزە سەلیم خدر (هەمزەی خوێندکاران) لێپرسراوی بەشی ڕێکخراوەکان.
هەڤاڵ حەیدەری ئاسایش، لە وتەکانیدا، ئاماژەی بە گرنگیی گۆڕانکارییە ئۆرگانیکییەکان کرد بۆ چالاککردنەوەی زیاتری کاروبارە ڕێکخراوەیی و کارگێڕییەکان و ڕایگەیاند کە پڕۆسەی نوێبوونەوە لە ناو ڕیزەکانی یەکێتیدا، بەشێکە لە بنەما و ستراتیژی بەردەوامی حزبی بۆ گونجاندنی تواناکان لەگەڵ پێداویستییەکانی قۆناغەکە.
هەروەها وتیشی: ئەرکی لێپرسراوانی نوێی بەشەکان لەم قۆناغەدا، درێژەدانە بەو کاروانە پڕ لە کار و خزمەتەی کە هەڤاڵانی پێشوو بنەمایەکی تۆکمەیان بۆ داناوە. جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە هەموو هەڤاڵان بە گیانێکی ڕێکخراوەیی و یەکێتییانەوە کار بکەن بۆ بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکان و خزمەتکردنی زیاتری دەڤەرەکە و کوردەواری بەگشتی.
ڕوونیشیکردەوە، کە تێکۆشان لەناو ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا تەنها لە پلە و پۆست و ناونیشاندا کورت نابێتەوە، بەڵکوو گۆڕینی سەنگەری خزمەتکردنە لە پێناو هێنانەکایەی باشترین ئەنجام لە کارە ڕێکخراوەیی و پیشەییەکاندا. هەروەها پێداگریشی لەسەر پێویستیی هەماهەنگیی تەواو و کارکردن وەک یەک تیم لە نێوان سەرجەم بەش و ئۆرگانە جیاوازەکاندا کردەوە، بە جۆرێک کە ڕەنگدانەوەی ئەرێنی هەبێت لەسەر خزمەتکردنی بەرژەوەندییە گشتییەکانی دەڤەری ڕاپەڕینی تێکۆشەر.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەیشدا ڕایگەیاند: مەڵبەند بە سەرجەم توانا مرۆیی و ڕێکخراوەییەکانییەوە، پشتیوان و هاوکاری سەرجەم هەڤاڵان دەبێت بۆ سەرخستنی ئەم ئەرک و فەرمانە نوێیانەی پێیان سپێردراوە، لە پێناو بەهێزترکردنی پێگەی یەکێتی و خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک لە دەڤەرەکەدا.