
مەڵبەند – شەممە، ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە ڕێکخراوەیی و ئۆرگانیکییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا و لە ڕێوڕەسمێکدا، هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەند، بە ئامادەبوونی هەڤاڵانی جێگر و ژمارەیەک لە هەڤاڵانی مەڵبەند و ئەنجومەنی کۆمیتەکانی قەندیل و ژاراوە، لەگەڵ ڕاگەیاندنی یەکخستنەوەی هەردوو کۆمیتەکە، خەبات و خزمەت و تێکۆشانی بێوچانی لێپرسراوانی کۆمیتەکانی پێشووی بەرز نرخاند و لێپرسراوی نوێی کۆمیتەکەی ناساند.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، هەڤاڵ حەیدەری ئاسایش، لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، وێڕای بەرز نرخاندنی خەبات و خزمەت و تێکۆشانی هەڤاڵ حەسەن بایز عەلی، (حەسەن بایز) لێپرسراوی پێشووی کۆمیتەی ژاراوە و سەرجەم هەڤاڵان لێپرسراوانی پێشووی کۆمیتەی قەندیل، ڕێزنامەی تایبەتی مەڵبەندی پێشکەش بە هەڤاڵ لێپرسراوی پێشووی کۆمیتەی ژاراوە، کرد و وتی: هەڤاڵانمان لە قۆناغە سەخت و هەستیارەکاندا نموونەی وەفاداری و تێکۆشانی بێوچان بوون، ئەو بنەما تۆکمەیەی ئێوە بۆ کار و خزمەتی ڕێکخراوەیی لە کۆمیتەکاندا داتانناوە، جێگەی شانازیی هەموومانە و لە پانتایی یادەوەریی یەکێتیدا بە درەوشاوەیی و ڕێزەوە دەمێنێتەوە.
وتیشی: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە وەک ئۆرگانێکی زیندوو لە نوێبوونەوەدایە، ئەم گۆڕانکارییانە و بڕیاری یەکخستنەوەی ئەم دوو کۆمیتەیە، هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ کۆکردنەوەی وزەکان و پتەوکردنی ڕیزەکانمان، تا بتوانین بە یەکگرتوویی باشتر خزمەتی کۆمەڵانی خەڵکی راپەڕین و جەماوەری دڵسۆزی سەنگەسەر و ژاراوە بکەین. ڕاشیگەیاند: ئەم قۆناغە پێویستی بە گیانی یەکترقبوڵکردن و هەنگاوی یەکگرتووانەتر هەیە، بۆیە بڕیارمانداوە هێز و تواناکانمان لە یەک سەنگەری تۆکمەدا یەکبخەینەوە تا بە شێوازێکی سەردەمیانەتر و کاریگەرتر، پەیام و ئامانجە باڵاکانی حزبەکەمان بپێکین.
لە وێستگەیەکی تری ڕێوڕەسمەکەدا، هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەند بڕیاری دەستبەکاربوونی ڕادەستی هەڤاڵ ڕێبین مەولود خدر (ڕێبینی شەهید مەولود) لێپرسراوی نوێی کۆمیتەکە کرد و جەختی لەوە کردەوە کە: پێویستە لێپرسراوی نوێ بە هەمان ڕۆحیەتی لێبوردەیی و تێکۆشانی هەڤاڵانی پێشوو و بە دیدگایەکی نوێ و گەشترەوە، درێژەپێدەری کاروانی خەباتی ڕێکخراوەیی بێت و ببێتە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی تەواوی جەماوەر، گەنجان و دڵسۆزان. ڕوونیشیکردەوە: یەکخستنەوەی کۆمیتەکان ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی سەرشانمانی فراوانتر کردووە و هاوکات دەرفەتی گەورەشی ڕەخساندووە بۆ نوێکردنەوەی پەیمانی وەفا و بەگەڕخستنی وزەی تازە لە تەنیشت ئەزموونی تێکۆشەرانەوە، لە یەک چوارچێوەی بەهێزدا. لەگەڵیدا، هەڤاڵ قادر ڕەزگەیی جێگری لێپرسراوی مەڵبەند و هەڤاڵ لێپرسراوانی کۆمیتەی پێشووی ژاراوە و نوێی ڕاسپارد بۆ یەکخستنەوە و سەرخستنەوەی سەرجەم کار و چالاکییەکانی کۆمیتەکە بە ڕۆحیەتێکی تەواو سەردەمی و یەکێتییانەوە
