مەڵبەند، کۆمیتەکانی بیتوێن و خدران – بناری کۆسرەتی یەکخستەوە

چوارقوڕنە – یەکشەممە، ١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
لە چوارچێوەی هەنگاوە بەردەوامەکانی قۆناغی نوێبوونەوەی ئۆرگانەکان و بەمەبەستی پتەوکردنی ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکی هەڤاڵانە و شایستەدا، مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین بڕیاری یەکخستنەوەی هەردوو کۆمیتەی (بیتوێن) و (خدران – بناری کۆسرەت)ی ڕاگەیاند و لێپرسراوی نوێی بۆ کۆمیتەکە ناساند و ئەرکدار کرد.
هەڤاڵ حەیدەری ئاسایش، لێپرسراوی مەڵبەند، لە ڕێوڕەسمەکەدا کە بە ئامادەبوونی هەڤاڵان جێگران، بەشێک لە لێپرسراو بەشەکان و ئەندامانی ئەنجومەنی مەڵبەند، کۆمیتەکان و ژمارەیەکی بەرچاو لە تێکۆشەران و کادرانی سنوورەکە بەڕێوەچوو، ڕێزنامەی تایبەتی پێشکەش بە هەریەک لە هەڤاڵان؛ ڕەحمان ڕەسو حەمەد (عەبدولڕەحمان زەنگڵێنی) لێپرسراوی پێشووی کۆمیتەی بیتوێن و هێدی بایز مستەفا، لێپرسراوی پێشووی کۆمیتەی خدران – بناری کۆسرەت کرد و لە وتەیەکیشدا خەبات و قوربانیدانی ئەو هەڤاڵانەی بەرز نرخاند و ڕایگەیاند: ئێوە لە قۆناغە سەخت و هەستیارەکاندا نموونەی باڵای وەفاداری و تێکۆشانی بێوچان بوون، ئەو بناغە تۆکمەیەی بۆ خزمەتی ڕێکخراوەیی داتانناوە جێگەی شانازیی هەموومانە و لە یادەوەریی یەکێتیدا بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە.
لێپرسراوی مەڵبەند تیشکیشی خستە سەر ستراتیژیی نوێی یەکێتی و وتی: یەکێتی حزبێکی مەزن و زیندووە و وەک هەمیشە لە نوێبوونەوەدایە. بڕیاری یەکخستنەوەی ئەم دوو کۆمیتەیە هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ کۆکردنەوەی هێز و وزەکانمان لە کۆمیتەیەکی تۆکمەدا، تاوەکو بتوانین بە یەکگرتوویی و بە شێوازێکی سەردەمیانەتر خزمەتی کۆمەڵانی خەڵکی ڕاپەڕین و جەماوەری دڵسۆزی چوارقوڕنە و خدران – بناری کۆسرەت بکەین. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەم قۆناغە، قۆناغی گیانی یەکتر قبوڵکردن و هەنگاوی یەکگرتووانەترە بۆ پێکانی ئامانجە باڵاکانی حزبەکەمان.
هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەند، لە وێستگەیەکی تری ڕێوڕەسمەکەدا، بڕیاری دەستبەکاربوون ڕادەستی هەڤاڵ خۆشەوی داود ئەحمەد وەک لێپرسراوی نوێی کۆمیتەکە کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە لێپرسراوی نوێ بە هەمان ڕۆحیەت و تێکۆشانی هەڤاڵانی پێشوو، بە دیدگایەکی نوێ و گەشترەوە درێژەپێدەری کاروانی خەباتی ڕێکخراوەیی بێت و ببێتە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی تەواوی هەڤاڵان و دڵسۆزانی یەکێتی لە سنوورەکەدا.
هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەند لە کۆتاییشدا هەڤاڵ شێخ جەبار، لێپرسراوی بەشی تێکۆشەرانی مەڵبەند و لێپرسراوانی پێشوو و نوێی کۆمیتەکانی ڕاسپارد هەماهەنگی بۆ سەرخستنەوەی ئەرکەکانی کۆمیتە نوێیەکە بکەن. تا بە ڕۆحیەتێکی سەردەمیانە و یەکێتییانە، وێڕای بەگەڕخستنی وزەی تازە و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی تێکۆشەران، پەیمانی وەفا نوێ بکرێتەوە و خەباتی ڕێکخراوەیی ببرێتە قۆناغێکی باڵاترەوە