
مەڵبەند|دووشەممە، ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پێشوازی لە بەرپرس و وەفدی یاوەری مەڵبەندی ڕاپەڕینی کۆمەڵی دادگەری کوردستان کرد و لە دیدارەکەدا جەخت لە سەر پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی و پێکەوەکارکردنی لایەنە سیاسییەکان لە پێناو باشتر خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی دەڤەرەکە کرایەوە.
هەڤاڵ حەیدەری ئاسایش، لێپرسراوی مەڵبەند، بە ئامادەبوونی هەڤاڵانی جێگری و ژمارەیەک لە هەڤاڵان مەڵبەند، پێشوازی لە بەڕێز عەبدولڕەحمان سڵێمان بەرپرسی مەڵبەندی ڕاپەڕینی کۆمەڵی دادگەری کوردستان و کارگێڕانی مەڵبەندەکە کرد، کە بە مەبەستی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی وەک لێپرسراوی نوێی مەڵبەند و پتەوکردنی پەیوەندییە حزبییەکان لە دەڤەرەکەدا، سەردانی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕینیان کردبوو.
لە دیدارەکەدا کە بەڕێز محەمەد تەها، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی ئامادەی بوو، هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، سوپاسی وەفدی میوانی کرد و لە وتەکانیدا جەختی لە پەرۆشیی هەمیشەیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پاراستنی سەقامگیری و یەکڕیزیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان کردەوە. ئاماژەی بەوەشکرد کە ئامانجی لەپێشینەی ئەرکەکانیان خزمەتکردنی بێ جیاوازیی هاوڵاتیانی سنوورەکەیە و بۆ ئەم مەبەستەش دەرگای مەڵبەند هەمیشە واڵایە بۆ هەر جۆرە هەماهەنگی و کارێکی هاوبەش خزمەت بە خەڵک و گەشەپێدان و بوژانەوەی ناوچەکە بکات.
وەفدی مەڵبەندی ڕاپەڕینی کۆمەڵی دادگەری کوردستان’ـیش لای خۆیانەوە، وێڕای پیرۆزبایی لە هەڤاڵ حەیدەری ئاسایش بەبۆنەی دەستبەکاربوونیەوە، هیوای سەرکەوتنیان لە ئەرکە نوێیەکەیدا بۆ خواست. هاوکات ئامادەیی تەواوی مەڵبەندەکەیان نیشاندا بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پێکەوەکارکردن لە پێناو داکۆکیکردن لە ماف و داخوازییەکانی خەڵکی تێکۆشەری دەڤەری ڕاپەڕین و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی ناوچەکە.
