بەشی کۆمەڵایەتیی مەڵبەند جەخت لە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان دەکاتەوە

مەڵبەند | دووشەممە، ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
بەشی کۆمەڵایەتی بە ئامادەبوونی هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەند، لە کۆبوونەوەی ئاسایی و فراوانی خۆیدا، وێڕای ئاڵوگۆڕی لێپرسراوی بەشەکە، جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەڤەرەکەدا دەکەنەوە و هەڵوەستە لەسەر قووڵکردنی گیانی پێکەوەکارکردن و گەشەپێدانی هزری ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان دەکەنەوە.
هەڤاڵ حەیدەری ئاسایش، لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، بە ئامادەبوونی هەڤاڵان حەسەن ئاڵلاڕەش لێپرسراوی پێشووی بەشی کۆمەڵایەتی و شوان حاجی محەمەد لێپرسراوی نوێی بەشەکە، سەرەتای کۆبوونەوەکە لە وتەیەکدا جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی بەشی کۆمەڵایەتی کردەوە وەک پردێکی پتەوی پەیوەندیی نێوان یەکێتی و کۆمەڵانی خەڵک، کە ئەرکێکی مێژوویی و نیشتمانییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پاراستنی شیرازەی کۆمەڵگە.
هەروەها ڕوونیشیکردەوە: ئاڵوگۆڕی پۆست و بەرپرسیارێتی لەناو ئۆرگانەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، سوننەتێکی تەندروستی حزبییە بە مەبەستی نوێبوونەوە و پێدانی دەرفەت بە وزە و خوێنی نوێ بۆ باشتر خزمەتکردنی جەماوەر و ڕایگەیاند پشتیوانیی تەواوی مەڵبەند بۆ هەڤاڵ لێپرسراوی نوێی بەشەکە دووپاتدەکەینەوە لە سەرخستنی کارەکانیدا و سوپاس و پێزانینی زۆریشمان بۆ هەڤاڵ لێپرسراوی پێشوو هەیە و لە ڕابردوودا دڵسۆزانە و ماندوونەناسانە ئەرکەکانی جێبەجێ کردووە.
لە وێستگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، هەڤاڵانی نوێ و پێشووی لێپرسراوی بەشەکە لە وتەکانیاندا وێڕای سوپاسگوزارییان بۆ متمانەی مەڵبەند و یەکێتی، پەیمانیاندا کە بە گوڕوتینێکی نوێوە درێژە بە ڕێبازی چەپکەگوڵەکەی سەرۆک مام جەلال بدەن و لە خزمەتی داخوازییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی تێکۆشەری دەڤەرەکەدا بن.
سەبارەت بە نەخشەڕێی کاری بەشەکە هەڵوەستەیان لەسەر فراوانکردنی سەردانە مەیدانییەکان بۆ لای کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان، پیاوماقوڵان، ڕیش‌سپیان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان کرد. هەروەها بڕیاردرا بەرنامەیەکی تۆکمە دابڕێژرێت بۆ چارەسەرکردنی گرفتە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێگەی لێکتێگەیشتن و هاندانی گیانی لێبوردەیی، تا یەکێتی وەک هەمیشە چەتری کۆکەرەوەی هەموو چین و توێژەکان بمێنێتەوە