لێپرسراوی مەڵبەند: سەرۆک بافڵ بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە سەرقاڵی داڕشتنەوەی ستراتیژییەتێکی نیشتمانییە

لێپرسراوی نوێی کۆمیتەی ماکۆک دەستبەکاربوو
حاجیاوا – شەممە، ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
بە سەرپەرشتی هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەند و لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە ئۆرگانی و ڕێکخراوەییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕێزنامەی مەڵبەند بەخشرایە هەڤاڵ لێپرسراوی پێشووی کۆمیتەی ماکۆک و لێپرسراوی نوێی کۆمیتەکە ئەرکدار کرا.
هەڤاڵ حەیدەری ئاسایش، لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا، کە بە ئامادەبوونی هەڤاڵان جێگرانی لێپرسراو، ئەندامانی ئەنجومەنی مەڵبەند، ئەنجومەنی کۆمیتەی ماکۆک، ژمارەیەکی بەرچاو لە تێکۆشەران، تیمی یەکێتی لە حکومەتی خۆجێی قەزای حاجیاوا، کەسایەتییە ئاینی و کۆمەڵایەتییەکان، نوێنەرایەتی سەرجەم چین و توێژە جیاکانی شارەکە و دەڤەرەکە بەڕێوەچوو، ڕێزنامەی وەفاداریی مەڵبەندی پێشکەش بە هەڤاڵ وەستا عوسمان، لێپرسراوی پێشووی کۆمیتەی ماکۆک کرد و هاوکات بڕیارنامەی مەكتەبی کاروباری ڕێکخراوەیی بۆ دەستبەکاربوون، ڕادەستی هەڤاڵ محمد بەستەستێنی وەک لێپرسراوی نوێی کۆمیتەکە کرد.
هەر لە میانی ڕێوڕەسمەکەدا، کە لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی کۆمیتەی ماکۆک بەڕێوەچوو، هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەند لە وتەیەکدا خزمەتەکانی هەڤاڵ لێپرسراوی پێشووی کۆمیتەکەی بەرز نرخاند و ڕوونیکردەوە: ئەرک و بەرپرسیارێتی لەناو ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، پۆست و ئیمتیاز نییە، بەڵکوو خزمەتکردن و وەفادارییە بۆ خوێنی شەهیدان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، ئەو گۆڕانکارییانەش تەنها ئاڵوگۆڕی پێگەن لە پێناو خزمەتی زیاتردا. وتیشی: هەڤاڵ وەستا عوسمان لە قۆناغە جیاوازەکاندا نموونەی تێکۆشەرێکی دڵسۆز و ماندوونەناس بووە، ئەمڕۆش کە ئەرکی ئەو لێپرسراوێتییە دەداتە دەست هەڤاڵێکی تر، جێگەی شانازیی هەموومانە کە بە شانازییەوە ئەرک و قۆناغێکی گرنگی لە مێژووی ژیانی حزبیی خۆی تێدەپەڕێنێت.
هەڤاڵ حەیدەری ئاسایش لە بەشێکی تری وتەکەیدا، وێڕای پیرۆزبایی و هیوای سەرکەوتن بۆ هەڤاڵ محمد بەستەستێنی، لێپرسراوی نوێی کۆمیتەکە هەڵوەستەی لەسەر پرسی نوێبوونەوە و گۆڕانکارییە ئۆرگانییەکان کرد و وتی: پرۆسەی نوێبوونەوە لەناو ئۆرگانەکاندا، هەنگاوێکی حەتمی و پێویستە بۆ گونجاندنی سیاسەت و خەباتی حزبیمان لەگەڵ پێداویستییەکانی ئەمڕۆ و قۆناغەکە و خزمەتکردنی زیاتری خەڵک. ئەمەش ڕێک هەمان ئەو پەیامە حەکیمانەیەیە کە سەرۆک مام جەلال هەمیشە جەختی لێدەکردەوە بۆ هێشتنەوەی یەکێتی وەک هێزێکی دینامیکی و پێشەنگ لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا.
ئاماژەی بەوەشکرد کە: لە ئێستادا، بە ڕابەرایەتی و ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێیناوەتە قۆناغێکی زێڕینی یەکڕیزی، بەهێزی و بڕیاردانی بوێرانەوە. سەرۆک بافڵ بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە سەرقاڵی ڕێکخستنەوەی نێوماڵی یەکێتی و داڕشتنەوەی ستراتیژییەتێکی نیشتمانییە کە حزبەکەمان دەخاتەوە سەر شەمەندەفەری سەرکەوتن و داکۆکیکردنی سەرسەختانە لە مافەکانی کۆمەڵانی خەڵک.
لە کۆتایی وتەکەیشیدا ڕایگەیاند: ئەرکی هەموومانە وەک یەکێتییەکی دڵسۆز، بە ڕۆحێکی هەڤاڵانەوە پشتیوان و جێبەجێکاری ئەو ڕوانگە و بڕیارانە بین، تا پێکەوە و بە یەک تیم بتوانین باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە خەڵکی دەڤەرەکەمان بکەین و درێژەپێدەری ڕاستەقینەی ڕێبازە پیرۆزەکەی مام و شەهیدان بین