لێپرسراوی مەڵبەند پێشوازی لە نوێنەرانی گوندی شەروێت دەکات و جەخت لە خزمەتکردنی خەڵک دەکاتەوە

مەڵبەند – شەممە، ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی مەڵبەند بۆ بەدواداچوون و گوێگرتن لە کێشە و داواکارییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی دەڤەرەکە، هەڤاڵ حەیدەر ئاسایش، لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، لە بارەگای مەڵبەند پێشوازی لە نوێنەرایەتییەکی دانیشتووانی گوندی شەروێت’ـی سەر بە ناحیەی ژاراوە لە قەزای پشدەر کرد.
لەو دیدارەدا کە هەریەک لە هەڤاڵان شوان حاجی محەمەد، لێپرسراوی بەشی کۆمەڵایەتی و کەمال محەمەد، لێپرسراوی بەشی حکومەت لە مەڵبەند ئامادەی بوون، هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەند بە وردی گوێی لە خواست، پێداویستی و داواکارییەکانی گوندنشینانی سنوورەکە گرت.
لەپێناو چارەسەرکردنی خێرای کێشەکانیان، هەڤال لێپرسراوی مەڵبەند بەشی کۆمەڵایەتیی مەڵبەندی ڕاسپارد کە بەدواداچوونی مەیدانی و خێرا بکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و تێپەڕاندنی ئەو گرفتانەی ڕووبەڕووی دانیشتووانی گوندەکە بوونەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەند، پابەندبوونی نەگۆڕی یەکێتی و مەڵبەندی ڕاپەڕینی بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی دەڤەرەکە و گوندنشینان بەتایبەتی دووپات کردەوە و ڕایگەیاند: یەکێتی وەک هەمیشە حزبی جەماوەر و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بووە، ئێمە لەسەر ڕێبازە چەپکەگوڵەکەی سەرۆک مام جەلال بەردەوام دەبین بۆ خزمەتکردنی زیاتری گوندنشینان، جوتیاران و چین و توێژەکان، چونکە ئێوە کۆڵەکەی سەرەکیی شۆڕش و قوربانیدان و ئاوەدانیی ئەم وڵاتەن. دەرگای مەڵبەند هەمیشە واڵایە بۆ گوێگرتن لە خەم و خواستەکانتان، دڵنیاشتان دەکەینەوە کە بە هەموو توانایەک و لە ڕێگەی ئۆرگانە حزبییەکان و نوێنەرەکانمان لە حکومەت، کار بۆ نەهێشتنی کەمکوڕییەکان و دابینکردنی خزمەتگوزاریی شایستە بۆ ناوچەکانتان دەکەین.
لە کۆتایی دیدارەکەشدا، نوێنەرانی گوندی شەروێت سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ خەمخۆریی مەڵبەند و ئۆرگانەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سنوورەکەدا دەربڕی