
قەڵادزێ – یەکشەممە، ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە ئۆرگانی ڕێکخراوەییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان’دا، ڕێزنامەی تایبەتی مەڵبەندی بەخشییە هەڤاڵان لێپرسراوانی پێشووی کۆمیتەکانی پشدەر و ڕاپەڕین و لێپرسراوی نوێی کۆمیتەکەی ئەرکدار کرد.
هەڤاڵ حەیدەری ئاسایش، لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا، کە بە ئامادەبوونی هەڤاڵان محمد وەتمان، جێگرانی لێپرسراو، ئەندامانی ئەنجومەنی مەڵبەند، ئەنجومەنی کۆمیتەکانی ڕاپەڕین و پشدەر، ژمارەیەکی بەرچاو لە تێکۆشەران، تیمی یەکێتی لە حکومەتی خۆجێی قەزای پشدەر، کەسایەتییە ئاینی و کۆمەڵایەتییەکان، نوێنەرایەتی سەرجەم چین و توێژە جیاکانی قەڵادزێ لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی کۆمیتەی قەڵادزێ بەڕێوەچوو، دوای ئەوەی لەلایەن هەڤاڵ محمد وەتمانەوە ڕێزنامەی وەفاداریی مەڵبەند پێشکەش بە هەڤاڵان محمد کەمال لێپرسراوی کۆمیتەی ڕاپەڕین و شاڵاو ڕەسوڵ لێپرسراوی پێشووی کۆمیتەی پشدەر کرا، بڕیارنامەی مەكتەبی کاروباری ڕێکخراوەیی بۆ دەستبەکاربوون، ڕادەستی هەڤاڵ مام ئارام لێپرسراوی نوێی کۆمیتەکە کرد.
هەر لە ڕێوڕەسمەکەدا، هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەند لە وتەیەکدا هەڵوەستەی لەسەر پێگە و بەهای قەڵادزێ و قەزای پشدەر لە قۆناغە جیاکانی خەباتدا کرد و وتی: کاتێک لە قەڵادزێ دەوەستین و قسە دەکەین، لەبەردەم مێژوویەکی پڕ لە شکۆ، قوربانی و سەروەریی نەتەوەیی و نیشتمانیدا خۆمان دەبینینەوە. ئەم دەڤەرە تێکۆشەرە، بە شار، ناحیە و گوندەکانی، هەمیشە سەنگەری پێشەوەی کوردایەتی و قەڵغانی پاراستنی شۆڕش بووە. لێرەوە، یاد و ناوی سەرۆک و ڕێبەری کۆچکردوومان، سەرۆک مام جەلال بەرز ڕادەگرین کە هەمیشە بە شانازییەوە ناوی ئەم دەڤەرەی دەهێنا و دەیفەرموو: قەڵادزێ، قەڵای شۆڕش و ڕاپەڕینە. ئێمەش ئەمڕۆ لێرەوە، لە ناو ئەم قەڵایەدا، بەڵێنی وەفاداری بۆ ئەو مێژووە زێڕینە و بۆ کۆمەڵانی خەڵکی ئەم سنوورە نوێ دەکەینەوە.
هەڤاڵ حەیدەری ئاسایش وتیشی: مەڕاسیمی ئەمڕۆمان بۆ یەکخستنەوەی کۆمیتەکانی پشدەر و ڕاپەڕین و دەستبەکاربوونی لێپرسراوی نوێی کۆمیتە یەکخراوەکە، هەنگاوێکی ئۆرگانیی گرنگ و پێویستە لە چوارچێوەی کارنامەی نوێبوونەوە و گۆڕانکارییە ئۆرگانیکییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا. لێرەوە، سوپاس و پێزانینی قووڵی مەڵبەند ئاراستەی هەردوو لێپرسراوی پێشووی کۆمیتەکان و ئەنجومەنەکانیان دەکەم، کە لە قۆناغی ڕابردوودا دڵسۆزانە و ماندوونەناسانە ئەرکەکانیان ڕاپەڕاند و شانیان خستە ژێر بەر بەرپرسیارێتی. یەکێتی هەمیشە بە وەفادارییەوە دەڕوانێتە ڕۆڵی تێکۆشەرانەیان. لە هەمان کاتدا، پیرۆزبایی گەرم لە لێپرسراوی نوێی کۆمیتەکە دەکەم و متمانەی تەواومان پێیەتی کە بە گیانی یەک تیمی و بە وزەیەکی نوێوە، ئۆرگانەکان و کادرەکان بەرەو قۆناغێکی کاراتر ئاراستە دەکات.
هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەند هەر لە میانی پێشکەشکردنی وتەکەیدا ڕوونیکردەوە: ئەمڕۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە سەرکردایەتیی حەکیمانە و بڕیارە بوێرانەکانی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و سەرکردایەتی ئێستا، گەڕاوەتەوە سەر پێگە ڕەسەن و بەهێزەکەی خۆی لەسەر ئاستی کوردستان، عیراق، ناوچەکە و ئەم هێز و یەکدەستییەش دەبێ ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر باشترکردنی خزمەتگوزاری و کارکردنی ئۆرگانەکانمان هەبێت. قۆناغی ئێستا، قۆناغی چوونە پێشەوە و کارکردنە بە یەک تیم و یەک دیدگا لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و ڕایگەیاند: هەر لەم ڕووەوە و لە چوارچێوەی کارنامەی نوێی مەڵبەند، دڵخۆشم لێرەوە بە کادران، تێکۆشەران و تەواوی دانیشتووانی قەڵادزێ و دەڤەری پشدەر ڕابگەیەنم لە داهاتوودا ئۆفیس و بارەگایەکی تایبەتی مەڵبەند لەناو شاری قەڵادزێدا دەکەینەوە.
باسی لەوەشکرد ئامانجی ئێمە لەم هەنگاوە ڕوونە، دەمانەوێت هەفتانە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بێ هیچ بەربەستێک، خۆم و هەڤاڵانی مەڵبەند لێرە بین، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە لەگەڵ ڕێکخستنەکان، تێکۆشەران، کادران و کۆمەڵانی خەڵکی ناوچەکە لە پەیوەندیی بەردەوامدا بین. ئەم دەڤەرە سەوزە شەهید پەروەرە، قوربانی گەورەی داوە، کاتییەتی بە پشتیووانی هەمووان بە خزمەتی زیاتر وڵامی بدەینەوە، ئێمە لەسەر ڕێبازی مام جەلال پەروەردە بووین کە دەیفەرموو دەبێت بچنە خزمەت خەڵک، بۆیە ئێمە مەڵبەند دەهێنینە ناو دڵی خەڵک، نەک خەڵک ماندوو بکەین بۆ هاتنە ناو مەڵبەند.
لە کۆتایی وتەکەیشیدا وتی: دووپاتی دەکەینەوە کە پارێزەری دڵسۆزی خوێنی شەهیدان و کارنامەی خزمەتگوزاریی یەکێتی بین. با هەموومان پێکەوە، بە ڕۆحیەتی یەکێتیی و بە گیانی یەک تیمی، بەرەو قۆناغێکی نوێی پڕ لە دەستکەوت بۆ ئەم سنوورە سەربەرزە هەنگاو بنێین
