
پشدەر – یەکشەممە، ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
لە چوارچێوەی بەسەرکردنەوە و لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و بەرز نرخاندنی ڕۆڵی قارەمانانەیان، هەڤاڵ حەیدەری ئاسایش، لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ـی ڕاپەڕین، هاوڕێ لەگەڵ هەڤاڵان جێگرانی لێپرسراوی مەڵبەند و ژمارەیەک لە لێپرسراوی بەشەکان، سەردانی هەر یەک لە لیوای ٧١٢، لیوای ٣٨ی بەرگری و فریاکەوتن، یەکەکانی ١٤٨ و ١٥٨ی یەدەگی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لە سنووری قەزای پشدەر کرد.
لە میانی بەسەرکردنەوەکەدا، کە لەلایەن لیوا عبدالواحید مستەفا، لیوا حەمە هەژار، لیوا ڕەسوڵ قەندە، لیوا هەڵمەتەڕەش و ئەفسەران و پێشمەرگە قارەمانەکانەوە پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا، هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەند سڵاو و ڕێزی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی پێگەیاندن. پاشان لە نزیکەوە وێڕای بەرز و پیرۆز نرخاندنی ڕۆڵێ قارەمانانەیان، لە هەواڵیانی پرسی و ستایشی ئامادەیی هێزەکانی کرد لە پێناو پاراستنی خاکی کوردستاندا و ڕایگەیاند: هێزی پێشمەرگە قەڵغانی پۆڵایین و پارێزەری ڕاستەقینەی خاکی کوردستان و سەروماڵی کۆمەڵانی خەڵکە. ئێوە جێگەی شانازیی یەکێتی و سەرجەم گەلەکەمانن کە هەمیشە لە سەنگەرەکانی پێشەوەی بەرگری و پاراستنی ئارامیدان.
لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەدا، لێپرسراوی مەڵبەندی ڕاپەڕین جەختی لەوە کردەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەسەر ڕێبازە چەسپاوەکەی سەرۆک مام جەلال، بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و بەهێزکردنی تواناکانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەر و پێشهاتێک. لە بەرامبەردا، فەرماندە و ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە، سوپاسی ئەو بەسەرکردنەوەیە و خەمخۆرییەکانی مەڵبەندی ٢٤ـی ڕاپەڕینیان کرد و بەڵێنیان دووپاتکردەوە کە وەک هەمیشە چاوکراوە و لە ئامادەباشیی تەواودا دەبن بۆ جێبەجێکردنی هەر ئەرکێکی نیشتمانی کە پێیان دەسپێردرێت لە پێناو پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکان و سەقامگیریی ناوچەکە
