ڕاگواستن نەیتوانی مێژوومان بسڕێتەوە

نووسینی: ئیبراهیم محێدین موراد (بەڕێوەبەری شەهیدان و ئەنفالکراوانی قەڵادزێ)

ڕاگواستنی سیاسیی زۆرەملێ، بەیەکێک لە ترسناکترین و قورسترین ئامرازە سیاسی و سەربازییەکانی ڕژێمە داگیرکەر و دیکتاتۆرەکان دادەنرێت کە ڕژێمی بەعس بۆ تێکدانی جوگرافیا، سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و لاوازکردنی پێگەی جەماوەریی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان دژ بە خەڵکی کوردستان و قەزای پشدەر بەتایبەتی بەکاری هێنا. ٣٧ ساڵ لەمەوبەر، لە ڕێکەوتی ٢٦ی ٦ی ١٩٨٩، دانیشتووانی تێکۆشەر و کوردپەروەری شاری قەڵادزێ و قەزای پشدەر بە سەرجەم ناحیە و گوندەکانییەوە، ناچار کران بە زۆرەملێ ماڵ و حاڵی خۆیان چۆڵ بکەن و بۆ ئۆردوگا زۆرەملێیەکانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەولێر گواسترانەوە، بەمەش ناچار کران یادەوەرییەکانیان لەگەڵ زێدی باب و باپیرانیان بەداخەوە بخەنە ژێر گڵ.

ڕاگواستن، تۆقاندن و لەناوبردنی گەلی کورد لە عێراقدا باگراوند و مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە کە پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق بوونیان هەبووە و دواتریش بە چەندین قۆناغ بەردەوام بوون. لە سەردەمی دەوڵەتی فاشیی عێراقدا، گەلی کورد مەترسیدارترین قۆناغەکانی سیاسەتی لەناوبردن، ڕاگواستن، تەعریب، بەعسیکردن، کیمیاباران و ئەنفالی تێپەڕاند کە ئامانجی ستراتیژییان لەپشتەوە بوو. ناوچەی پشدەر و شاری قەڵادزێ پشکی گەورە و زوڵمی زۆریان بەرکەوت و هەمیشە ئامانجی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بوون، هەر بۆیە لە دەیەکانی حەفتاکان و هەشتاکاندا، ئەم شارە دوو جار جینۆساید کراوە. ڕاگواستنەکەی ساڵی ١٩٨٩ش، بەپێی هەموو پێوەرەکان جینۆسایدێکی سەلمێنراوە، چونکە ئامانج لێی قڕکردن، تێکدانی ژینگە و لەناوبردنی کلتوور و ئابووریی دەڤەرەکە بوو. ناوچەی پشدەر و قەڵادزێ بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و پشتیوانیی بەردەوامی خەڵکەکەی بۆ شۆڕش، بەتایبەت شۆڕشی نوێ بە ڕابەرایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کاریگەرییەکی زۆریان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژێمدا هەبوو، بۆیە کرانە ئامانجی سەرەکی.

پرۆسەی ڕاگواستنی دەڤەری پشدەر بە چەند قۆناغێک جێبەجێ کرا. لە دوای ڕێککەوتننامەی شوومی جەزائیر لە ساڵی ١٩٧٥، ڕژێمی عێراق بە بیانووی پاراستنی سنوورەکان و دروستکردنی پشتێنەی ئەمنی، دەستی بە ڕاگواستنی گوندەکان کرد. قۆناغی یەکەم لە ساڵی ١٩٧٧ دەستی پێکرد کە تێیدا گوندەکانی بناری قەندیل ڕاگواستران بۆ دەوروبەری ناحیەی سەنگەسەر، چونکە ببوونە مۆڵگەی شۆڕش و بنکەی یارمەتیدانی پێشمەرگە. لە قۆناغی دووەمدا لە تەمموزی ١٩٧٨، بە بیانووی یارمەتیدانی پێشمەرگە، تەواوی گوندنشینەکان بۆ ئۆردوگاکانی تووەسوران، بەستەستێن و پێماڵک ڕاگواستران، لەم قۆناغەشدا ڕژێم هەوڵی تێکدانی کۆمەڵگەی دا لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی قومار و چەکدارکردنەوە، بەڵام زۆرینەی خەڵکەکە خۆیان پاراست. دواتر لە قۆناغی سێیەمدا لە تەمموزی ١٩٨٨، دانیشتووانی ئۆردوگای بەستەستێن گواسترانەوە بۆ ناوچەی حاجیاوا. پاشان لە قۆناغی چوارەم و لە حوزەیرانی ١٩٨٩دا، قەڵادزێ و تەواوی گوندەکانی دەوروبەری بەتەواوی تەخت و وێران کران و دانیشتووانەکەی بەسەر ئۆردوگا زۆرەملێیەکانی وەک بازیانی یەک و دوو لە سلێمانی و خەبات و کەورگۆسک لە هەولێر دابەش کران.

سەرەڕای ئەو هەموو ستەمە و کاریگەرییە قورسەکانی ڕاگواستن، خەڵکی پشدەر و قەڵادزێ مشتەکۆڵەئاسا بەگژ ڕژێمدا چوونەوە و ڕاپەڕینیان کرد، و هەر کە تروسکەی ئازادی دەرکەوت، گەڕانەوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی سنوورەکەیان. بۆیە جارێکی تر ڕووی دەممان دەکەینە حکومەت کە بە زووترین کات قەرەبووی ئەم خەبات و خوێنبەخشینەی سنووری پشدەر بداتەوە، لەوانە ئەنجامدانی پڕۆژەی گەورەی کشتوکاڵی و پیشەسازی بۆ بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووریی پتەو، پەلەکردن لە بەنێودەوڵەتیکردنی مەرزی کێلێ بۆ ڕەخساندنی هەلی کار تا گەنجانمان نەبنە خۆراکی نەهەنگەکانی دەریای ئیجە، و قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەویی زەرەرمەندان کە پێویستە حکومەتی عێراق وەک میراتگری ڕژێمی پێشوو لەئەستۆی بگرێت. هەروەها داواکارین بەنداوی دەڵگە بۆ ئاوی خواردنەوە دروست بکرێت، ڕێگای دەربەند بۆ ژاراوە بکرێتە دووساید، زانکۆی قەڵادزێ بەفەرمی بکرێتەوە، و پەلە بکرێت لە تەواوکردنی مۆنۆمێنتی شەهیدان و ئەرشیفکردنی نەهامەتییەکانی ناوچەکە. هەرچەندە پێشتر دەستی ئاوەدانی گەیشتووەتە ناوچەکە، بەڵام هێشتا پاشماوەی دوکان و خانووە ڕووخاوەکانی کاتی ڕاگواستن لەناو شاردا بەرچاو دەکەون.