مەڵبەند، ڕێز لە سەنتەری تیپە میللەکان و هەڵبژاردەی ڕاپەڕین دەگرێت

مەڵبەند – شەممە، ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، لە مەڕاسیمێکی شایستەدا ڕۆڵی سەنتەری تیپە میللەکانی ڕاپەڕین و هەڵبژاردەی ڕاپەڕین’ی بەرز نرخاند لە بەدەستهێنانی نازناوی پاڵەوانی خولی هەڵبژاردە میللەکانی کوردستان و هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەند جەختی لە دووپاتکردنەوەی پشتیوانییە بەردەوامەکانی مەڵبەند و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ وەرزشەوانانی دەڤەرەکە و پەرەپێدانی بزوتنەوەی وەرزشی کردەوە.
هەڤاڵ حەیدەری ئاسایش، لێپرسراوی مەڵبەند، بە ئامادەبوونی هەڤاڵان جێگرانی لێپرسراو، تێکۆشەران، لێپرسراوانی بەشەکانی مەڵبەند، ئەندامانی ئەنجومەنی مەڵبەند و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەری فەرمانگە حکومییەکان، لە وتەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە هەڵبژاردەی ڕاپەڕین جارێکی دیکە توانای وەرزشوانانی دەڤەرەکەی لەسەر ئاستی کوردستان سەلماندەوە. وتیشی: وێڕای گەرمترین پیرۆزبایی بۆ هەڵبژاردەی تۆپی پێی ڕاپەڕین، ستافی سەنتەری تیپە میللەکان و سەرجەم وەرزشدۆستانی دەڤەرەکە بۆ بەدەستهێنانی ئەم نازناوە گەورەیە، جگە لە هیوای سەرکەوتنی بەردەوام، پشتیوانیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پەرەپێدانی بزوتنەوەی وەرزشی لە دەڤەرەکەدا هەمیشەیی و نەگۆڕە.
لە بەشێکی تری مەڕاسیمەکەدا، هەڤاڵ حەبیبە بابان، جێگری لێپرسراوی مەڵبەند، لە وتەیەکدا، ڕۆڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لە وێستگە جیاوازەکاندا ڕوونکردەوە و وتیشی هەبوونی بۆردی وەرزشی و بەشی وەرزش لە سەرجەم ئۆرگانەکاندا، درێژکراوەی هەمان سیاسەت و پشتیوانییە بۆ قووڵکردنەوەی گیانی وەرزشی و خزمەتکردنی وەرزشەوانان لە سەرتاسەی کوردستان و دەڤەرەکەماندا.
لای خۆیشیانەوە ئاسۆ ئەحمەد، لێپرسراوی سەنتەری تیپە میللەکانی ڕاپەڕین، وێڕای بەخشینی ڕێزنامەی سەنتەرەکە بە هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەند لە پای پشتیوانییە بەردەوامەکانی بۆ یانە وەرزشییەکانی دەڤەرەکە و وەرزشەوانان و سەنتەرەکەیان بەگشتی، لە وتەیەکدا سوپاس و پێزانینی سەنتەرەکەی بۆ پشتیوانی و خەمخۆرییەکانی مەڵبەند و یەکێتی دەربڕی. هەروەها سوپاسی یەکە ئیدارییەکانی دەڤەرەکە و ئەو کەسایەتییانەی کرد، کە وەک خۆی وتی بەبێ پشتیوانییان وەرزش لە دەڤەرەکەدا نەدەگەیشتە ئەم ئاست و قۆناغەی ئێستا کە لە کۆی پێنج یانەی وەرزشی لە ناوچەکەدا، سێیان لە خولی نایابی کوردستان و دوانیان لە پلە دووی کوردستان یاری دەکەن.
لە کۆتا وێستگەی مەڕاسیمەکەشدا، ڕێزنامەی تایبەتی مەڵبەند، لەلایەن هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەند، هەڤاڵان جێگرانی لێپرسراو، تێکۆشەران و لێپرسراوانی بەشەکانەوە پێشکەش بە ستافی سەنتەر و سەرجەم یاریزانانی هەڵبژاردەی ڕاپەڕین کرا.