لە چالاکییەکی هاوبەشدا پاشەڕۆژی هەرێمی کوردستان گفتووگۆ کرا

ڕانیە – شەممە، ١١ی تەمموزی ٢٠٢٦
بە ئامادەبوونی هەڤاڵ حەیدەری ئاسایش، لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین و بەشێک لە هەڤاڵانی مەڵبەند و ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆشنبیران، ئەکادیمیستان، چالاکییەکی هاوبەش لە نێوان بەشی ڕێکخراوەکانی مەڵبەند و دیالۆگی ڕۆشنگەریی هاوچەرخ بەڕێوەچوو.
چالاکییەکە لە چوارچێوەی دیداری ژمارە ٢٢٤ی دیالۆگەکەدا بوو، کە لەژێر ناونیشانی (لێکەوتەکانی کۆتایهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان لە ئەیلولی ٢٠٢٦ لەسەر هەرێمی کوردستان) ڕێکخرابوو و تیایدا بەڕێز ناودار زیاد، هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە زانستە سیاسییەکان، مامۆستا لە زانکۆی ڕاپەڕین و توێژەر لە مەڵبەندی دیراسات، وەک پەیڤەری سەرەکی هەڵوەستەی لەسەر ڕەهەندە سیاسی، سەربازی و ئەمنییەکانی قۆناغی دوای نەمانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عیراق کرد و تیشکی خستە سەر گرنگیی یەکخستنی گوتاری سیاسیی لایەنە کوردستانییەکان، پەلەکردن لە ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و پشتبەستن بە دامەزراوە نیشتمانییەکان بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی هاوسەنگییە نوێیەکاندا. دواتر لەلایەن ئامادەبووانەوە بە سەرنج، پێشنیار و پرسیارەکانیان تەوەرەکانی سیمینارەکە دەوڵەمەندتر کران و گفتوگۆ لەسەر پاشەڕۆژی ناوچەکە کرا.
لە کۆتایی دیالۆگەکەدا، هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەند، وێڕای دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی کۆڕەکە، پشتیوانیی بەردەوامی مەڵبەندی بۆ گەشەپێدانی بزووتنەوەی ڕۆشنبیری، هۆشیاریی سیاسی و ڕەخساندنی کەشێکی ئازاد بۆ گفتوگۆی ئەکادیمی لە دەڤەرەکەدا دووپاتکردەوە.