
ڕاپەڕین – پێنجشەممە، ١٦ی تەمموزی ٢٠٢٦
هەڤاڵ حەیدەری ئاسایش، لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، بە یاوەریی ژمارەیەک لە هەڤاڵانی مەڵبەند و لێپرسراوی کۆمیتەکانی ڕانیە، بیتوێن و ماکۆک، پڕۆژەی دروستکردنی دووسایدی چوارقوڕنە – دووکانی بەسەرکردەوە، کە لەسەر بڕیار و ڕاسپاردەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە گوژمەی (٢٤٣) ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت.
لە میانی بەسەرکردنەوەکەدا، لێپرسراوی مەڵبەند دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکار (گەردین) کرد و پشتیوانی مەڵبەندی بۆ سەرخستنی کارەکانیان دووپاتکردنەوە و ڕایگەیاند: جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە ستراتیژییە خزمەتی خەڵک و ئاسانکاری بۆ هاتووچۆ دەکات، هەر بۆیە هاوکار و هەماهەنگتان دەبین تا پڕۆژەکە بە باشترین کوالێتی و لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا تەواو بکرێت.
جێی باسە، پڕۆژەی دووسایدی چوارقوڕنە-دووکان بە درێژایی (٣٦) کیلۆمەتر، لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٥ـەوە چۆتە بواری جێبەجێکردنەوە. لە ئێستاشدا (١١) کیلۆمەتری پڕۆژەکە، بە درێژایی ڕێگەی سماقوڵی تا چێشتخانەکانی کانیوەتمان، کۆتایی هاتووە و بڕیارە لە دوو هەفتەی داهاتوودا بەڕووی هاووڵاتییان و شۆفێراندا بکرێتەوە.
