لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا، میکانیزمەکانی بەهێزکردنی کاری ڕێکخراوەیی و سەندیکایی ڕوونکرانەوە

مەڵبەند – دووشەممە، ٢٠ی تەمموزی ٢٠٢٦
مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین و بۆردی ڕێکخراوە دیموکراتییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ لێپرسراوانی ڕێکخراوەکان و سەندیکاکانی دەڤەری ڕاپەڕین، نوێترین پەیام و ڕاسپاردە حزبییەکان بۆ پەرەپێدانی خەباتی مەدەنی، ڕێکخراوەیی، سەندیکایی و میکانیزمەکانی جێبەجێکردن ڕووندەکەنەوە و هەڵوەستە لەسەر پڕۆگرامی کاری ئایندەی بوارەکە لە دەڤەرەکەدا دەکەن.
کۆبوونەوەکە، کە بە سەرپەرشتیی هەڤاڵان حەیدەری ئاسایش، لێپرسراوی مەڵبەند و ئەمەل جەلال، لێپرسراوی بۆرد و بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجومەنی کاری بۆردەکە، جێگرانی لێپرسراو و ژمارەیەک لە لێپرسراوانی بەشەکانی مەڵبەند لە هۆڵی چالاکییەکانی مەڵبەند بەڕێوەچوو، سەرەتا هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەند لە وتەیەکدا وێڕای دووپاتکردنەوەی پشتیوانییە بەردەوامەکانی مەڵبەند بۆ ڕێکخراوەکان و سەندیکاکان، ڕایگەیاند: یەکێتی هەمیشە پێشەنگ بووە لە داکۆکیکردن لە مافی پیشەوەران و کۆمەڵگەی مەدەنی، بۆیە ئەرکی ئێوەیە بە گیانێکی نیشتمانییانەوە خزمەتی زیاتری توێژە جیاوازەکانی سنوورەکە بکەن و ببنە پردێکی متمانەپێکراو لە نێوان خەڵک و دامەزراوەکاندا.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکە هەڤاڵ لێپرسراوی بۆرد، لەگەڵ ڕوونکردنەوەی ئامانجی سەردانەکە و دواین پەیام و ڕاسپاردە حزبییەکان بۆ پەرەپێدانی خەباتی مەدەنی، سەندیکایی، ڕێکخراوەیی و میکانیزمەکانی جێبەجێکردن، وتی: قۆناغی ئێستا پێویستی بە نوێبوونەوە و داڕشتنەوەی بەرنامەی کاری ڕێکخراوەیی هەیە، تا باشتر بتوانین وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی سەردەم و داخوازییەکانی سەرجەم چین و توێژەکان بین. جەختێشی لەوە کردەوە: کاری پێکەوەیی و هەماهەنگیی تەواوی نێوان مەڵبەند، ڕێکخراوەکان و سەندیکاکان، زامنی سەرخستنی پەیامە حزبی و مەدەنییەکانمانە لە دەڤەرەکەدا.
لە کۆتا وێستگەی کۆبوونەوەکەیشدا، وێڕای بە وردی و گرنگیپێدانەوە گوێگرتن لە ڕا و سەرنج و پێشنیارەکانی بەشداربووانی کۆبوونەوەکە، وەڵامی پێویستی سەرجەم پرسیارەکان درایەوە و بڕیاردرا تێبینییەکان بکرێنە بنەمای کاری داهاتوو بۆ بەهێزکردنی ئەدای ڕێکخراوەیی و خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵانی خەڵک لە سنووری ڕاپەڕین