
گردجان – دووشەممە، ٢٠ی تەمموزی ٢٠٢٦
بە مەبەستی چەسپاندنی ئاشتەوایی و پتەوکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، بە ئامادەبوونی هەڤاڵان شوان حاجی محەمەد، لێپرسراوی بەشی کۆمەڵایەتیی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین و خۆشەوی حاجی داود، لێپرسراوی کۆمیتەی بیتوێن، لەگەڵ ستافێک لە هەڤاڵانی مەڵبەند و کۆمیتەکە، لە مەڕاسیمێکی شایستەی کۆمەڵایەتییدا ئاشتەوایی نێوان دوو خانەوادە ڕاگەیەندرا.
مەڕاسیمەکە لە مزگەوتی گردجانی سەروو، بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە زانایان، مامۆستایانی ئایینی و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی دەڤەری ڕاپەڕین بەڕێوەچوو. لە وتەیەکدا هەڤاڵ لێپرسراوی بەشی کۆمەڵایەتیی مەڵبەند ڕایگەیاند: لێبوردەیی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لە بەرزترین خەسڵەتە مرۆیی و ئایینییەکانن و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە لە پێناو پاراستنی یەکڕیزی، تەبایی و پتەوکردنی پردی برایەتیی نێوان کۆمەڵانی خەڵکدا کار دەکات. هەروەها وتیشی: سوپاس و پێزانینی زۆرمان بۆ هەردوو خانەوادە هەیە کە بە گیانێکی بەرپرسیارانە و لێبوردەییانە کۆتاییان بە کێشەکەیان هێنا، هەروەها دەستخۆشی لە مامۆستایانی ئایینی، پیاوماقوڵان و کەسایەتییەکان دەکەین کە خەمخۆرانە ڕۆڵی گرنگیان لەم پێکهێنانەوەیەدا گێڕا.
دواجار کەسوکار و خزمانی هەردوو بنەماڵەی ڕێزدار و تێکۆشەری دانیشتووی گوندی گردجان لە سنووری ناحیەی چوارقوڕنە، کە ئامادەی مەڕاسیمەکە بوون، ئاشتەواییان ڕاگەیاند و جەختیان لە گەڕانەوە بۆ گیانی برایەتی و پێکەوەژیان کردەوە
