
مەڵبەند – چوارشەممە، ٢٩ی تەمموزی ٢٠٢٦
هەڤاڵ حەیدەری ئاسایش، لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، لە بارەگای مەڵبەند پێشوازیی لە بەڕێوەبەری ناحیەی ئیسێوە، سەرۆکی شارەوانیی ناحیەی ئیسێوە و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەدانکردنەوەی ڕاپەڕین کرد.
لە دیدارەکەدا کە بە ئامادەبوونی هەڤاڵان جێگرانی لێپرسراو و لێپرسراوی بەشی حکومەت لە مەڵبەند بەڕێوەچوو و ئامانجەکەی کارسازیی ڕێگەی ئیسێوە – قەڵادزێ بوو، هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەند، وێڕای داواکردن لە شارەوانییەکان و ئاوەدانکردنەوەی ڕاپەڕین بۆ دابینکردن و خستنەگەڕی ئامێر و مەکائینەکانی پەیوەست بە کارسازیی ڕێگەوبان، بڕیاریدا بە ڕەخساندنی زەمینەی پێویست بۆ حکومەتی خۆجێیی ناحیەکە، مەڵبەند هاوکار و هەماهەنگ بێت و ڕایگەیاند: خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک و باشترکردنی ژێرخانی ڕێگەوبانەکان لە ئەولەوییەتی کارەکانماندایە، ئێمە وەک هەمیشە پشتیوان و پاڵپشتی تەواوی دامەزراوەکانی حکومەت دەبین بۆ جێبەجێکردنی هەر پڕۆژەیەک کە سەلامەتیی هاووڵاتییان بپارێزێت و ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی دانیشتووانی دەڤەری ڕاپەڕین بکات.
