مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین: خەمی شەنگال، خەمی هەموومانە و شەهیدان و قوربانییەکانی هەرگیز لە یاد ناکرێت.

ئەمڕۆ، دوانزە ساڵ بەسەر یەکێک لە تاریکترین و خەمناکترین ڕۆژە ڕەشەکانی مێژووی هاوچەرخی نەتەوەکەماندا تێدەپەڕێت. لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا، تیرۆریستانی داعش دڕندانە پەلاماری شەنگال و سنووری شەنگال’ـیاندا و ڕەشەکوژی و جینۆسایدێکی نامرۆڤانەیان دەرهەق بە خوشک و برایانی ئێزیدیمان ئەنجامدا. ئەم کارەساتە دڵتەزێنە بووە هۆی شەهیدبوون، ڕفاندن و ئاوارەبوونی هەزاران مرۆڤی بێتاوان، کە تا ئەمڕۆش شوێنەوار و برینەکانی قووڵ لە جەستەی نیشتمان و دڵی هەمووماندا ماونەتەوە.

مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، لەم ساڵیادە خەمناکەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی قوربانیانی شەنگال و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دادەنوێنێ و ڕایدەگەیەنێ: خەمی شەنگال، خەمی نەتەوەیی و نیشتمانی هەموومانە و قوربانیدانی خوشک و برا ئێزیدییەکانمان هەرگیز لە یاد ناکرێت.

لەم یادەدا، وێڕای دووپاتکردنەوەی هاودەردی و پشتیوانیمان بۆ کەسوکاری قوربانیان، جەخت لە پێویستیی یەکخستنی هەوڵەکان دەکەینەوە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال، ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە و گەڕانەوەی سەربەرزانەی ئاوارەکان بۆ زێدی باوباپیرانیان. هەروەها، بەدواداچوون بۆ چارەنووسی ڕفێندراوان و بێسەروشوێنکراوان بە ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتمانیی لەپێشینە دەزانین.

سڵاو لە ڕۆحی پاکی قوربانیانی کارەساتی شەنگال.
سڵاو لە خۆڕاگریی کەسوکاری سەربەرزیان.
شەرمەزاری و مەرگ بۆ تیرۆریستان و دوژمنانی مرۆڤایەتی.

مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین