گەڕانەوە بۆ هاوبەشیی نیشتمانیی و دابینکردنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی

تاکە ڕێگا بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان دوو پارت گفتوگۆی ئارام و ڕاستەوخۆیە، وێڕای گرتنەبەری هەنگاوە بنەڕەتییەکان بۆ چارەسەر و پابەندبوون بە هاوبەشی نیشتمانی و پەیڕەوی بەرژەوەندییەکانی گەل و نیشتمان، لەسەرووی بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی لانی کەم ڕەزامەندی لایەنەکانی تریش بەدی بێنێت و لەکۆتایدا پابەندبوون بەڕێکەوتنەکان و جێبەجێکردنی ئەوەی لەسەری ڕێکەوتون.

دیارە ململانێی توند لەنێوان هەڵوێستی هەردوولایەنی (ی.ن.ک) و (پ.د.ک) بوونی هەیە، ئەوەش یەکێکە لەتوخمە سەرەکیەکان کە پێویستی بە وتووێژ هەیە.

بەڕای یەکێتی داڕشتنی سیاسەت و کار بەڕێوەبردن بە هەڕەمەکی و هاکەزایی بەشێوەی پچڕ پچڕ لە کەشێکی پڕ لە گەندەڵی کارگێڕی بەڕێوە ناچێت و سودی کۆمەڵایەتی پێوە نیە و کاری کردۆتە سەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک.

هەرێمی کوردستان قۆناغی شەڕی ناوخۆی تێپەڕاند و کاتی خۆی ڕەوانشاد مام جەلال (تحریم وتجریم)ی شەڕی کورد و کوردی ڕاگەیاند، هەردوو لایەنی پارتی و یەکێتی هێز و توانا و قەبارەی یەکتر دەخوێننەوە، ئێستا لەبری ئاگربەست و گۆڕینەوەی دیل و ئاکامەکانی شەڕ تەنها ئەوەندە لە هەردوولا دەخوازێ کات و شوێنێک بۆ کۆبونەوەکان و لێکتێگەیشتن دیاری بکرێت و ئاسایی کردنەوەی گرژیەکان و کردنەوەی گرێ کوێرەکان زۆر سانانییە، چونکە پارتی سەرچاوەی دارایی و دەسەڵاتەکانی بۆخۆی قۆرخ کردووە و زیاتری لەبەردەستە کە هۆکاری سەرەکی کێشەکان لێرەوە سەرچاوە دەگرێ و پارتی توشی غروری سیاسی و حوکمڕانی کردووە، پێویستە واز لەو عەقڵیەتە بێنێ کە سەرچاوەی ماددی و دەسەڵاتی لەبەردەستدایە، توانای بەلانان و بەئاسانی دەتوانێ حزبە سیاسییەکانی تر لە گۆڕەپانی سیاسی بکاتە دەرەوە و پێگەی خۆی قایم کردوە.

سەرکەوتنی ڕێککەوتنی دانوساندنەکانی ئەمجارە مەسەلە قایلکردن، سازشکردن و تەنازولکردن نییە، بەڵکو سەلماندنی قەبارە و سروشت و قوربانیدانی هەریەک لەو لایەنانەیە و پێویستە بڕی ئەو ماف و توانستەی خۆی پێبدرێت، بۆ ئەوەی پرۆسەی گفتوگۆی نێوانیان لەبار نەچێت و بەو شێوەیە دەسکەوتی گەورە بۆ هەردوولا و گەلەکەمان تێدا دەبێت.

بەر لەهەموو شتێ کۆبونەوە و گفتوگۆکانی لوتکەی سەرکردەکانی هەردوولا ڕێخۆشکەر و یاریدەدەریشە لە گۆڕینی ئاراستە و ڕاو بۆچوونەکانی نێوانیان و کەش و هەوای کۆبونەوەکان گونجاوتر دەکات.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەرەتای دامەزراندنیەوە قوربانی زۆریداوە لەپێناو یەکڕیزی نیشتمانی و یەکێتی ڕیزەکانی گەل و ئێستاش بەردەوام لەو پێناوە جەنگاوە.

ئێستا پێویستە هەردوو لایەنی سیاسی ئاگاداربن کۆمەڵانی خەڵک، حزب، کۆمەڵە و ڕێکخراوەکان چاودێری چڕ و سەیری ڕەوتی بەڕێوەچوونی کۆبونەوەکانی داهاتوو دەکەن، بۆئەوەی تێبگەن کۆبونەوە و دیالۆگ و ڕێکەوتنەکان تەنها بۆ ئەوەیە یەکێکیان کۆنترۆڵی خواستەکانی ئەویتر بکات یان دانوستانەکان لەپێناو گۆڕینی ڕەوشی نالەباری حوکمڕانی و شێواوی سیاسی ئەمڕۆیە، هەروەک دەبینین ئێستا ترسناکترین بۆشایی لە سیاسەتی کوردیدا دروست بووە کە گەیشتوە بەقۆناغێک هەردوو لایەنی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن دانی پێدادەنێت، گەیشتن بەئامانجی هاوبەش وبەدیهێنانی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و ڕێکخستنەوەی ژیانی خەڵک کە تاڕاددەی لێکترازانی هێناوەتە ئاراوە، نەبوونی دادی کۆمەڵایەتی لە مەترسیدارترین کێشە و ئاستەنگەکانی هەرێمە، سەرەڕای زۆری و باشی داهات و ئابووری، تەنها و تەنها لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێم و کۆمەڵانی خەڵکە ، ڕێکەوتن بایەخی خۆی دەبێت ئەوەش بەوە دێتەدی دەسبەرداری هەندێک لە ئامانجە بچوکەکانی خۆیان بن، لەپێناو ئامانجەگەورەکان.

بەهیوای گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی پەسەند و هەمەلایەنەی بەدیهێنانی ئامانجەکانمان و پتەوبونی قەوارەی هەرێمی کوردستان.