
مەڵبەند – دووشەممە، ٣ی ئابی ٢٠٢٦
بە ئامادەبوونی هەڤاڵ حەیدەری ئاسایش، لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین و بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی ئەنجومەنی مەڵبەند، تیمی یەکێتی لە حکومەتی خۆجێیی ڕاپەڕین، نوێنەریەتی کۆمیتەی ڕانیە و کۆمەڵەکانی پێشمەرگە، زیندانیانی سیاسی، کەمئەندامبووانی سەنگەر، ڕێکخستنە دێرینەکان، خوێندکاران، لاوان و سەندیکاکان، لە مەڕاسیمێکی تایبەتدا کە لە بارەگای مەڵبەند بەڕێوەچوو، دوازدەهەمین ساڵیادی شەهیدان و قوربانیانی کارەساتی شەنگال بەرز و زیندوو ڕاگیرا.
سەرەتای مەڕاسیمەکە، بە دەستخستنە سەر دڵ و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ بەرز و زیندوو ڕاگرتنی ڕۆحی پاکی شەهیدان و قوربانیانی شەنگال دەستیپێکرد و دواتر پەیامی مەڵبەند سەبارەت بە کارەساتەکە پێشکەشکرا، کە تێیدا هاتبوو: ئەمڕۆ، دوانزە ساڵ بەسەر یەکێک لە تاریکترین و خەمناکترین ڕۆژە ڕەشەکانی مێژووی هاوچەرخی نەتەوەکەماندا تێدەپەڕێت. لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا، تیرۆریستانی داعش دڕندانە پەلاماری شەنگال و سنوورەکەیاندا و ڕەشەکوژی و جینۆسایدێکی نامرۆڤانەیان دەرهەق بە خوشک و برا ئێزیدییەکانمان ئەنجامدا. هەروەها ئاماژە بەوەش درابوو کە ئەم کارەساتە دڵتەزێنە بووە هۆی شەهیدبوون، ڕفاندن و ئاوارەبوونی هەزاران مرۆڤی بێتاوان، کە تا ئەمڕۆش شوێنەوار و برینەکانی بە قووڵی لە جەستەی نیشتمان و دڵی هەموواندا ماونەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، مەڵبەندی ڕاپەڕین سەری ڕێز و نەوازشی بۆ گیانی پاکی قوربانیانی شەنگال و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان داناواند و ڕایگەیاند، خەمی شەنگال خەمی نەتەوەیی و نیشتمانیی هەموومانە و قوربانیدانی خوشک و برا ئێزیدییەکانمان هەرگیز لە یاد ناکرێت.
لە کۆتایی پەیامەکەی مەڵبەنددا، وێڕای دووپاتکردنەوەی هاودەردی و پشتیوانی بۆ کەسوکاری قوربانیان، جەخت لە پێویستیی یەکخستنی هەوڵەکان کرایەوە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال، ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە و گەڕانەوەی سەربەرزانەی ئاوارەکان بۆ زێدی باوباپیرانیان. هاوکات، بەدواداچوون بۆ چارەنووسی ڕفێندراوان و بێسەروشوێنکراوان بە ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتمانیی لەپێشینە وەسف کرا.
