سەرەتاکانی شۆڕشی عەقڵانییەت لە دیالۆگێکدا تاوتوێکرا

ڕانیە – شەممە، ٢٢ی ئابی ٢٠٢٦
لە درێژەی کار و چالاکییە ڕۆشنبیرییەکاندا، دیالۆگی ڕۆشنگەری هاوچەرخ بە هاوبەشی و هەماهەنگی بەشی ڕێکخراوەکانی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، دیالۆگی ژمارە (٢٢٩)ی لەژێر ناونیشانی سەرەتاکانی شۆڕشی عەقڵانییەت لە هزری ئیسلامیدا بۆ دکتۆر خالید دۆستی بەڕێوەبرد.
دیالۆگەکە بە ئامادەبوونی هەڤاڵ هەمزە سەلیم، لێپرسراوی بەشی ڕێکخراوەکانی مەڵبەند و ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەران، ڕۆشنبیران، ئەکادیمیستان و توێژە جیاجیاکانی دەڤەرەکە بەڕێوەچوو.
لە میانی کۆڕەکەدا، د. دۆستی بابەتێکی شیکاری و وردی بە شێوازێکی زانستییانە پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر وێستگە مێژووییەکانی سەرهەڵدانی هزری عەقڵانی و بەهاکانی شۆڕشی فیکری لەناو مێژووی ئیسلامیدا، هاوکات جەختی لە گرنگیی خوێندنەوەی سەردەمیانە بۆ دەق و ڕووداوە مێژووییەکان کردەوە.
لە بەشی کۆتایی دیالۆگەکەشدا، دەرگای گفتوگۆ بەڕووی ئامادەبوواندا کرایەوە و لە ڕێگەی بەشداری و خستنەڕووی سەرنج و تێبینییەکانیانەوە بابەتەکە زیاتر دەوڵەمەند کرا.