
ڕانیە – سێشەممە، ٢٥ی ئابی ٢٠٢٦
لە میانەی گرنگیدان بە بۆنە ئاینییەکان و لە کەشێکی ڕۆحانی و پیرۆزدا، یادی لەدایکبوونی فەخری کائینات، حەزرەتی محەمەد (د.خ) لە مزگەوتی گەورەی ڕانیە کرایەوە. مەڕاسیمەکە بە ئامادەبوونی هەڤاڵ حەیدەری ئاسایش، لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران، هەڤاڵانی مەڵبەند، قائمقامی قەزای ڕانیە و لێپرسراو و ستافی کۆمیتەی ڕانیە بەڕێوەچوو.
لەم یادە پرشکۆیەدا، کە تیایدا ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایانی ئاینی، زانایان، کەسایەتییە دیارەکان و جەماوەرێکی فراوانی هاووڵاتیان ئامادەبوون، چەندین وتار و پەخشانی ئاینی سەبارەت بە گەورەیی ئەم ڕۆژە پێشکەش کران. هاوکات لە ڕێگەی گوتار و سروودە ئاینییەکانەوە، تیشک خرایە سەر پەیامی پڕ لە ڕەحمەت، لێبووردەیی و ئاشتیخوازانەی پێغەمبەری ئیسلام و ڕەنگدانەوەی لەسەر ژیانی کۆمەڵگە.
هەر لە میانەی بەشداریکردنیاندا، هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەند، سڵاو و پیرۆزبایی گەرمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی گەیاندە ئامادەبووان و سەرجەم موسڵمانانی سنوورەکە. هەروەها جەختیان لەسەر قوڵکردنەوەی گیانی تەبایی و پێکەوەژیان کردەوە کە خاڵی جەوهەریی پەیامی ئاینی پیرۆزی ئیسلامە و دووپاتیان کردەوە یەکێتی وەک هەمیشە پشتیوانێکی بەهێزی مامۆستایانی ئاینی دەبێت و پاراستنی بەها بەرزەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری بە ئەرکێکی نیشتمانی و لەپێشینەی خۆی دەزانێت بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان.
بڕگەی کۆتایی مەڕاسیمەکەش، تەرخان کرابوو بۆ خوێندنەوەی قەسیدەکانی مەولودنامە و بەرزکردنەوەی نزای خێر و بەرەکەت بۆ پاراستنی گەل و نیشتمان و چەسپاندنی زیاتری ئارامی و ئاوەدانی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا.
