
ڕانیە – چوارشەممە، ٢٦ی ئابی ٢٠٢٦
لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا و لە وەرزی نۆیەمینی کارکردنیدا، گۆڤاری میتانیا بە ئامادەبوونی هەڤاڵ حەبیبە بابان، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین و بەشێک لە لێپرسراوانی بەشەکان و هەڤاڵانی مەڵبەند، ئۆفیسی فەرمیی خۆی بە ناوی ماڵی میتانیا لە شاری ڕانیە کردەوە.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، کە بەڕێزان هیوا قەرەنی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین، حوسێن مەحمود قایمقامی قەزای ڕانیە، ڕابەر عومەر بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری و هونەریی ڕاپەڕین و ژمارەیەکی بەرچاو لە خەمخۆران و ئاشقانی کاروانی ئەدەب و ڕۆشنبیری ئامادەی بوون، سەربەست جیهاد سەرنووسەری گۆڤاری میتانیا لە میانی پێشکەشکردنی وتەکەیدا، وێڕای بەرزنرخاندنی پشتیوانییەکانی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، سوپاسی ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین، قایمقامییەتی قەزای ڕانیە و بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری و هونەریی ڕاپەڕینی کرد و ئاماژەی بەوە دا: بەبێ هاوکاری و پشتیوانییە بێبەرامبەرەکانی ئەوان، جگە لەوەی نەدەتوانرا ماڵی میتانیا بکرێتەوە، چاپ و بڵاوکردنەوەی گۆڤارەکەش لەم قۆناغەدا کارێکی ئەستەم دەبوو.
لە بەشێکی تری وتەکەیدا، سەرنووسەری گۆڤاری میتانیا سوپاس و ڕێزی ئاڕاستەی نووسەران، ڕۆشنبیران و ئەکادیمیستانی ناوچەکە و کوردستان کرد کە بە شێوازێکی خۆبەخشانە و بە بابەتە بەپێزەکانیان، هاوکار و هۆکار بوون بۆ پێشخستن و بەرزترکردنەوەی ئاستی گۆڤارەکە.
گۆڤاری میتانیا، کە بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری ڕاپەڕین خاوەن ئیمتیازەکەیەتی، گۆڤارێکی ڕۆشنبیری گشتی وەرزییە و تا ئێستا هەشت ژمارەی چاپ و بڵاوکراوەتەوە و ژمارە نۆی لە ژێر چاپدایە، لە لایەن سەرنووسەر و دەستەی نووسەران و هاوکارەکانییەوە خۆبەخشانە کاری تێدا دەکرێت.
