کۆبوونەوەی پرۆژەی ستراتیژیی جیۆپارکی راپەڕین بەڕێوەچوو

رانیە – چوارشەممە، ٢٦ی ئابی ٢٠٢٦
بە ئامادەبوونی هیوا قەرەنی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، پ.ی.د پەیمان رەمەزان ئەحمەد سەرۆکی زانکۆی راپەڕین، هەردوو قائیمقامی قەزاکانی رانیە و پشدەر و لێپرسراوانی بەشەکانی ڕێکخراوەکان و وەرزشی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، دووەم کۆبوونەوەی تایبەت بە پرۆژەی ستراتیژیی جیۆپارکی راپەڕین لە زانکۆی راپەڕین بەڕێوەچوو، کە تێیدا هەنگاوە کردارییەکانی داڕشتنەوەی پلانەکان بۆ ناساندن و پاراستنی (جیۆسایتەکان) شوێنە سروشتی و گەشتیارییەکانی دەڤەرەکە تاوتوێ کران.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوە، ڕاگری کۆلێژی ئەندازیاری، هەروەها بەشێکی زۆر لە بەڕێوەبەرە گشتییەکان و بەڕێوەبەرانی فەرمانگە حوکومییەکانی دەڤەری راپەڕین بەشداربوون تێیدا، سەرۆکی زانکۆ لە دەستیپێکدا، دەستخۆشی لە سەنتەری توێژینەوە و دامەزراوە جیاکانی دەڤەرەکە کرد، دواتر سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە وتەیەکدا جەختی لەسەر گرنگیی سوودوەرگرتن لە سەرجەم ناوچە گونجاوەکانی دەڤەرەکە کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە زانکۆ لە هەموو بوارەکاندا پێشەنگ بێت و خاوەن بیرۆکە و بۆچوون بێت، ئەمەش بە هەوڵی توێژەران و ئەکادیمستان دێتەدی.
لە دوا وێستگەدا گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕکردنی پێشنیار و بۆچوونی ئامادەبووان کۆبوونەوەکەی دەوڵەمەندتر کرد و بڕیاردرا هەنگاوی کرداری بۆ جێبەجێکردنی خاڵە پەسەندکراوەکان بنرێت.