بە ئامادەبوونی لێپرسراوی مەڵبەند لە حاجیاوا، مەولودنامەیەک بەڕێوەچوو

حاجیاوا – چوارشەممە، ٣٦ی ئابی ٢٠٢٦
لە چوارچێوەی گرنگیدانە بەردەوامەکانی بە بۆنە ئاینییەکان هەڤاڵ حەیدەری ئاسایش، لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، بە یاوەری ژمارەیەک لە هەڤاڵانی مەڵبەند و کۆمیتەی ماکۆک، ئامادەی بەڕێوەچوونی مەڕاسیمی خوێندنەوەی مەولودنامەیەک بوو لە مزگەوتی گەورەی قەزای حاجیاوا، کە لەسەر خۆشەویستی فەخری کائینات، حەزرەتی محەمەد (د.خ) ڕێکخرابوو.
لەو مەڕاسیمە شکۆدارەدا، کە تیایدا ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانی ئاینی، زانایان، کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و جەماوەرێکی فراوانی شارەکە بەشداریبوون، چەندین وتار و سروتی ئاینی بۆ خۆشەویستی پێغەمبەر(د.خ) پێشکەش کران. هاوکات لە ڕێگەی گوتار و سروودە ئاینییەکانەوە، تیشک خرایە سەر پەیامی پڕ لە ڕەحمەت، لێبووردەیی و ئاشتیخوازانەی پێغەمبەری ئیسلام و ڕەنگدانەوەی لەسەر ژیانی کۆمەڵگە.
هەر لە میانەی بەشداریکردنەکەیدا، هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەند، سڵاوی گەرمی مەڵبەند و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی گەیاندە ئامادەبووان و سەرجەم موسڵمانانی سنوورەکە. هەروەها جەختیان لەسەر قوڵکردنەوەی گیانی تەبایی و پێکەوەژیان کردەوە کە خاڵی جەوهەریی پەیامی ئاینی پیرۆزی ئیسلامە و دووپاتیان کردەوە یەکێتی وەک هەمیشە پشتیوانێکی بەهێزی مامۆستایانی ئاینی دەبێت و پاراستنی بەها بەرزەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری بە ئەرکێکی نیشتمانی و لەپێشینەی خۆی دەزانێت