لوتکەی سلێمانی ٢٠٢٦ بۆ ئابووری و وەبەرهێنان دەستی پێکرد

سلێمانی – پێنجشەممە، ١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٦

لە هۆتێل گراند میلینیۆم لە شاری سلێمانی، بە بەشداریی ژمارەیەک لە سەرکردە باڵاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، کارەکانی لوتکەی سلێمانی ٢٠٢٦ دەستی پێکرد و بڕیارە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بێت.

لوتکەکە کە لەلایەن دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و بە پاڵپشتیی میدیایی دەزگای کوردسات ڕێکخراوە، لەژێر دروشمی (ئاراستەکردنی سەرمایە بەرەو گەشەی بەردەوامی خانووبەرە و پیشەسازی) بەڕێوە دەچێت و وەک ڕووداوێکی گرنگی ئابووری و ستراتیژی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە دەناسرێت.

لەم لوتکە ئابوورییەدا، هەریەک لە بەڕێزان؛ نزار ئامێدی سەرۆک کۆماری عێراق، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، شانبەشانی ژمارەیەک لە وەزیران، سەرۆکی دەستەکانی وەبەرهێنان، لیژنەکانی پەرلەمان، و نوخبەیەک لە سەرکردەکانی کەرتی بانکی، خاوەنکاران و پسپۆڕانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەشداری دەکەن.