سەرۆك كۆماری عیراق: لوتكەی سلێمانی هاوكاریی شارەزایان دەكات لەبڕیاردانی پێویست بۆ پەرەپێدانی ئابووریی وڵات لەم دۆخە هەستیارەدا

نزار ئامێدی، سەرۆك كۆماری عیراق، وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، وتارێكی پێشكەش كردو رایگەیاند: ئەم لوتكەیە زۆر گرنگە بۆ یارمەتیدانی بەرپرسان و شارەزایان لە پێناو بڕیاردانی پێویست بۆ پەرەپێدانی ئابووری وڵات، هاوكات هاوكاریی كردنی هەردوو كەرتی گشتی و تایبەت و رێكخراوەكان بۆ نەخشەكێشان و داڕشتنی سیاسەتە دارایی و ئابوورییەكان زۆر گرنگە بۆ بەهێزكردنی سەقامگیریی دارایی و ئابووری، بەتایبەت لەم دۆخەی كە عیراق و ناوچەكەی پێدا تێدەپەڕێت، كە كاركردنی هاوبەش پێویستییەكی زۆر گرنگە بۆ تێپەڕاندنی كاریگەریی گرژییەكانی ناوچەكە.

راشیگەیاند: ئێمە پشتگیری لەو هەوڵە یاساییانە دەكەین كە دەسەڵات بە كەرتی تایبەتی دەبەخشن، تاوەكو رۆڵێكی گەورەتر لە جێبەجێكردنی پڕۆژە ستراتیژییەكاندا بگێڕن، لەگەڵ هەوڵەكانی دەوڵەت بۆ هاوكاری لەگەڵ كەرتی تایبەت و هەمەڕەنگ كردنی چالاكییە ئابوورییەكان و گۆڕینی توانا نیشتمانییەكان بۆ پڕۆژەی بەرهەمهێنەر، بە ئامانجی گەیشتن بە ئابوورییەكی هەمەجۆرترو پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری زیاتر بە هاووڵاتیان و رەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجان.

سەرۆكی كۆماری عیراق ئەوەشی خستەڕوو: بەبێ تەواوكارییەكی ئابووری و كۆمەڵایەتی بەردەوام، سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی تەواو نابێت، چونكە وڵاتەكەمان بە دەست كاریگەریی ململانێ ئاڵۆزەكانی ناوچەكەوە دەناڵێنێت، بۆیە دەبێت كار بكەین لەپێناو پاراستن و جێگیركردنی سیاسەتی نیشتمانی و دوورخستنەوەی وڵات لە كاریگەریی ئەم گرژییانە.