
ڕانیە – پێنجشەممە، ٢٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
هەڤاڵ حەیدەری ئاسایش، لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، بە هاوڕێیەتیی ژمارەیەک لە هەڤاڵانی مەڵبەند، سێیەمین فێستیڤاڵی گەشتوکاڵ’ی ساڵانەی هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزاری ڕاپەڕینی بەسەرکردەوە.
فێستیڤاڵەکە، کە لەژێر دروشمی (ڕاپەڕین خاکی کشتوکاڵ و سەرزەمینی گەشتوگوزار) لە پارکی دەروازەی شاری ڕانیە بەڕێوەدەچێ، وێڕای ئەنجامدانی چەندین چالاکیی جۆراوجۆر، دەیان جۆر لە بەرهەمە خۆماڵییە جیاوازەکانی جووتیاران و خاوەنکارانی دەڤەرەکەی تێدا نمایش کراوون و بڕیارە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بێت.
لەم بەسەرکردنەوەیەدا، هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەند وێڕای دەستخۆشیی گەرم لە ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە و هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار، لە نزیکەوە گفتوگۆی لەگەڵ جووتیاران، خاوەنکاران و پیشەوەرە بەشداربووەکاندا کرد. هاوکات تیشکی خستە سەر گرنگیی بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی دەڤەرەکە لە ڕێگەی گرنگیدانی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ و بووژاندنەوەی کەرتی گەشتوگوزارەوە.
هەروەها جەختی لە پشتیوانیی تەواو و بەردەوامی مەڵبەند و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردەوە بۆ هاندانی جووتیاران، ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی و ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبارتر بۆ وەبەرهێنان لەم دوو کەرتەدا، کە دەبنە مایەی ڕەخساندنی هەلی کار و بووژانەوەی زیاتری ناوچەکە
