
خورماڵ – یەکشەممە، ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
لە چوارچێوەی بەسەرکردنەوە و پاڵپشتیکردنی توانا زانستی و ڕووناکبیرییەکان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە میانی سەردانێکیدا بۆ شارەدێی خورماڵ، لە نزیکەوە سەردانی نووسەر، لێکۆڵەری فەلسەفی و مامۆستای زانکۆ (دکتۆر عیرفان مستەفا)ی کرد.
لە پەراوێزی ئەم بەسەرکردنەوەیەدا، جێگری سەرۆک وەزیران پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لە ڕۆڵی گرنگی فکری و ڕووناکبیری کردەوە و ڕایگەیاند: شارستانێتییەکان و وەرچەرخانە گەورە کۆمەڵایەتییەکان بە پرسیارە فەلسەفییەکان و گۆڕانکارییە فکری و ڕۆشنبیرییەکان دەستیان پێ کردووە. فەلسەفە و ڕۆشنبیری نەخشەڕێگەی گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونی گەلانن.
قوباد تاڵەبانی وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بە هەبوونی کەسایەتییەکانی وەک دکتۆر عیرفان لە کوردستان کە بە پەرۆشەوە و بە شێوەیەکی خۆبەخشانە کار بۆ پەرەپێدانی بیری فەلسەفی لەناو گەنجاندا دەکەن، سەرسامیی خۆی بۆ ڕوئیا و پڕۆژە فکرییەکانی ناوبراو دەربڕی.
لە کۆتایی پەیامەکەشیدا، دووپاتی کردەوە کە ئەرکێکی لەپێشینەیانە پشتگیریی بیرمەندان، ڕۆشنبیران و توێژەرانی بواری بیر و فەلسەفە بکەن، چونکە ئەوان بزوێنەر و ڕوونکەرەوەی ڕێگەی داهاتووی گەلەکەمانن.
