
سلێمانی – یەکشەممە، ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
وەفدێکی باڵای وڵاتی میسر، بە یاوەریی هەریەک لە بەڕێزان فەرید ئەسەسەرد ڕووناکبیر و سیاسەتمەدار، دکتۆر یاسین ڕەئووف ڕەسووڵ نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە وڵاتی میسر، سەردانی مەزاری سەرۆک مام جەلالیان کرد و لەلایەن مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلالەوە بە گەرمی پێشوازییان لێ کرا.
لە میانی سەردانەکەدا و دوای دانانی تاجەگوڵینەی ڕێز و وەفاداری لەسەر مەزاری سەرۆک، وەفدی میوان لە دەفتەری یادەوەرییەکاندا گوزارشتیان لە مێژووی خەبات و تێکۆشانی سەرۆک مام جەلال کرد. لە پەیامەکەیاندا، پێگەی مام جەلالیان وەک سەرکردەیەکی مەزن بەرز نرخاند، کە ڕۆڵێکی مێژوویی و حاشاهەڵنەگری گێڕاوە لە چەسپاندنی ئاشتی و قووڵکردنەوەی دۆستایەتی و لەیەکترنزیکبوونەوەی هەردوو گەلی کورد و میسری برا.
لەلای خۆیانەوە، مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ سەردان و وەفاداریی وەفدە باڵاکەی میسر، جەختیان لەسەر هەڵوێستە مێژوویی و گرنگەکانی ڕابەر و سەرۆک مام جەلال کردەوە بەرانبەر بە گەلی میسری دۆست. هەروەها ئاماژەیان بەوە دا کە؛ هەنگاوەکانی سەرۆک مام جەلال هەمیشە هەڵقوڵاوی حیکمەت و خوێندنەوەیەکی قووڵ بوون بۆ دیدگای سیاسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.
