مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین: پیرۆزبێت ڕۆژی جیهانی مامۆستایان، داکۆکیکردن لە مافەکانتان بە ئەرکی لەپێشینە و نیشتمانیی خۆمان دەزانین

لەم سەردەمەدا کە پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان و ئامرازەکانی پەیوەندیکردن تەواوی جیهانیان تەنیوە، ڕۆڵی مامۆستا زۆر لە جاران گرنگتر و هەستیارتر بووە، چونکە تەنها مامۆستایە دەتوانێت زانیاریی ڕووت بگوڕێت بۆ مەعریفە و لەبری لەبەرکردن، هونەری بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە فێری نەوەکان بکات. بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی مامۆستایانەوە، گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم مامۆستایانی کوردستان بەگشتی و مامۆستایانی دەڤەری ڕاپەڕین بەتایبەتی دەکەین.

لە درێژایی مێژووی گەلەکەماندا، مامۆستایان و پەروەردەکاران هەمیشە ڕچەشکێن، پێشەنگی گۆڕانکاری و بونیادنەری کۆمەڵگەیەکی تەندروست و هۆشیار بوون. ئەوان لە سەختترین قۆناغەکاندا، وێڕای ئەرکی پیرۆزی فێرکردن و پێگەیاندنی نەوەکان، بە دیدە ڕەخنەیی و پەروەردەییەوە، قەڵغانێکی پتەو بوون بۆ پاراستنی ناسنامە، زمان، کەلتوور و هۆشیاریی نەتەوەیی و نیشتمانیمان.

لەم بیرەوەرییە شکۆدارەدا، وێڕای پێزانینی بێپایان بۆ کۆشش و شەونخوونیی بەردەوامتان لە ناوەندەکانی خوێندندا، بەپێویستی دەزانین جەخت لە پشتیوانیی بێمەرج و تەواوەتیی خۆمان بۆ داواکارییە ڕەواکانتان و دابینکردنی گوزەرانێک بکەینەوە کە لە ئاست گەورەیی و پیرۆزیی پیشەکەتاندا بێت. مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، داکۆکیکردن لە مافەکانتان بە ئەرکی لەپێشینە و نیشتمانیی خۆی دەزانێت، ئەمە لەو باوەڕە نەگۆڕەوەیەمانە کە هەر کرانەوە و پێشکەوتنێک لە هەرێمەکەماندا، ڕاستەوخۆ گرێدراوی گەشەکردنی کەرتی پەروەردە و پاراستنی شکۆی مامۆستایە.

پیرۆزبێت ڕۆژی جیهانی مامۆستایان، دروود بۆ کۆششی بێوچان و ماندوونەبوونتان.

مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین
٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦